ئەنەکەسە 'دەستووری کاتیی سووریا' رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەمینداریێتی گشتیی ئەنەکەسە دەڵێت، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد - سووریا (ئەنەکەسە) دەستووری کاتیی سووریا رەتدەکاتەوە، "چونکە بە عەقڵییەتی یەک نەتەوە و یەک ئایین نووسراوە و مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئەو وڵاتەی تێدا نەپارێزراوە."
شەلال گەدۆ، سەرۆکی پارتی ناوەڕاستی کوردی سووریا و ئەندامی ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنەکەسە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، دەستووری کاتیی سووریا چاوەڕواننەکراو نەبوو، خەڵکی سووریا چاوەڕوانی دەستوورێکی باشتر بوون و ئێستا پێکهاتەکانی سووریا دڵخۆش نین بەم دەستوورە کاتییە.
سەرۆکی پارتی ناوەڕاستی سووریا گوتیشی: "دەستووری کاتی بۆ یەک نەتەوە لە سووریا نووسراوە و ئەگەر ئەم دەستوورە کاتییە بخرێتە گشتپرسییەوە، خەڵکی سووریا دەنگی پێنادەن، بەڵام بەوپێیەی دەستوورە کاتییەکە ناخرێتە گشتپرسییەوە و بۆ ماوەی 5 ساڵ کارا دەبێت، پێویستە هەندێک رێکار بگیرێتەبەر بۆ چاکسازیی تێیدا تاوەکو مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە بپارێزێت، چونکە 5 ساڵ وادەیەکی کەم نییە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێک."
شەلال گەدۆ رایگەیاند، "دەستووری 1920ـی سووریا لەم دەستوورە کاتییە باشتربوو، لەم دەستوورە کاتییە زمانی عەرەبی بەسەر زمانی هەموو نەتەوەکانی دیکەی سووریا و بە تایبەتی نەتەوەی کورد سەپێندراوە و ئایینیی ئیسلامیش بەسەر هەموو ئایینەکانی دیکەدا سەپێندراوە، بەم پێیەش کریستییانەکان کراونەتە هاووڵاتیی پلە دووی سووریا کە ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە بۆ وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە پێکهاتە، هەربۆیە پێموایە ناتوانرێت سووریا بەم دەستوورە کاتییە بەڕێوەببرێت و گرفتی زۆر سەرهەڵدەدەن"
سەرۆکی پارتی ناوەڕاستی کوردی سووریا باسی لەوەش کرد، دەستووری کاتی، سووریا دەکاتە سیستمێکی مەرکەزی، "راستە سیستمی فیدراڵی خواستێکی گشتییە لە سووریا، بەڵام فیدراڵییەت لەم قۆناخە لەو وڵاتە ناچەسپێت و نەیاری زۆرە و تەنانەت وڵاتانی هەرێمیش سیستمی فیدراڵی لە سووریا رەتدەکەنەوە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت رێگە بدرێت بە سیستمێکی مەرکەزی ئیدارەی سووریا بدرێت و باشترە پێکهاتەکان داوای شێوازی بەڕێوەبردنی لامەرکەزی بکەن."
کورد و دۆستەکانی
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، سەرۆکی پارتی ناوەڕاستی کوردی سووریا و ئەندامی ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنەکەسە باسی لە دۆستایەتیی کورد لەگەڵ پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە کرد و گوتی، کریستییان و ئاشوورییەکانی سووریا دۆستی کوردن و دەشێت ئەم دۆستایەتییەی کورد لەگەڵ پێکهاتەکان و تەنانەت بەشێکی بەرفراوانی سوننەکانی ئەو وڵاتەش کە بەم دەستوورە کاتییە ناڕازین بکرێتە بنەما بۆ کاری هاوبەش بە ئامانجی پاراستنی مافی هەمووان لە سووریای نوێدا.
هاوکات باسی لە رێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە دیمەشق واژۆیان کرد. "ئەو رێککەوتنەی عەبدی گوزارشت لە رای هەموو کورد لە سووریا ناکات."
گەدۆ باسی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی: "بەردەوام لە خەمی بەهێزکردن و رێکخستنی نێوماڵی کورد بووە لە سووریا، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشەوە لەو وڵاتە و دوایین پەیوەندیشی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو و ئامانجی رێکخستنی نێوماڵی کورد بووە."
گوتیشی: "سەرۆک بارزانی هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە کورد بە کارتی بەهێزەوە بچێتە دانوستاندنەکانی دیمەشق."
رۆژی پێنجشەممە (13ـی ئادارى 2025) کۆمیتەى پسپۆڕانى راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیێنراوى دەستوورىی سووریا، رەشنووسى دەستوورى رادەستى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر کرد.
بەشێک لە خاڵە سەرەکییەکانی راگەیێندراوە دەستوورییەکە بەمشێوەیەن:
- ناوی دەوڵەت کۆماری عەرەبی سووریایە
- دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە دەستی سەرۆککۆمار دەبێت
- قۆناخی راگوزەر بۆ ماوەی 5 ساڵ دەبێت
- دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ دەبێت
- ئیسلام سەرچاوەی یاسایە
- پەرلەمان دەتوانێت لێبووردنی گشتی دەربکات
- پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی.