کەسێک لە هەولێر تەقە لە ماڵی خەزووری دەکات و چوار کەسیان دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ
 
کەمێک لەمەوپێش لە هەولێر کەسێک تەقە لە ماڵی خەزووری دەکات و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، چوار کەس دەکوژێت و یەکێکی دیکەش بریندار دەکات.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رووداوەکە کاژێر 09:30ـ روویداوە و تەقەکەرەکە پزیشکێکە بەناوی (س. م).
 
بەگوێرەی پەیامنێری رووداو، چوار کەس لە ئەنجامی تەقەکردنەدا کوژراون، کە هاوژینەکەی، خوشکی هاوژینەکەی و خەسوو و خەزووری بکوژەکەن و کەسێکی دیکەش بریندارە. بەگوێرەی پزیشکەکان دۆخی تەندروستیی بریندارەکەش جێگیر نییە. 
 
ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، کەمال خدر مستەفا، خەزووری بکوژەکە، سەعادەت، خەسووری بکوژەکە، دکتۆرە سەنا، خێزانی بکوژەکە و سەناریا، خوشکی خێزانی بکوژەکەن.  
 
کەسوکاری تەقەکەرەکە دەڵێن، پزیشکەکە هیچ کێشەیەکی دەروونی نەبووە. دکتۆرەکە ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ هاوژینەکەی کێشەیەک کەوتووەتە نێوانیان و بەوهۆیەوە هاوژینەکەی چووەتەوە ماڵی باوکی. شایەتحاڵێک دەڵێت، "هاوژینەکەی داوای جیابوونەوەی کردووە و دکتۆرەکەش بەرگەی نەگرتووە و ئەمشەو ئەم رووداوەی لێکەوتوەتەوە."
 
 
دراوسێکانی ئەو ماڵە دەڵێن، ئەمشەو دکتۆرەکە سەردانی ماڵی خەزووری کردووەو  گوێبیستی دەمەقاڵێیەکی تووند بوون، دکتۆرەکە ماڵی خەزووری جێهێشتووە و دوای چەند کاژێرێک گەڕاوەتەوە و رووداوەکە روویداوە. 
 
ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە و ئەو پزیشکە بە دەمانچە تاوانەکەی ئەنجامداوە. 

 

 
تەقەکەرەکە لەلایەن پۆلیس دەستبەسەرکراوە. هەروەها تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی کراون.