لە کۆمەڵگەی خانەسووری شنگال بەهۆی تەقینی بۆیلەر دوو هاوژین گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، بەهۆی تەقینی بۆیلەرێکی ئاو گەرمکردن لە نێو ماڵێکی دانیشتووی کۆمەڵگەی خانەسووری سەر بە ناحیەی سنوونی قەزای شنگال، ژن و پیاوێک کە هاوژین بوون گیانیان لەدەستدا.
ئەو دوو هاوژینە خاوەنی چوار منداڵ بوون. زیاد شەماڵی، کە نزیکە لەو خێزانە بە رووداوی گوت، "پیاوەکە تەمەنی 36 ساڵە و ژنەکەش 33 ساڵە، هەردووکیان لە نزیک بۆیلەرەکە بوون کاتێک تەقیوەتەوە، بەڵام منداڵەکان لە ژوورەکانی دیکە بوون و سەلامەتن."
زیاد شەماڵی رەخنەی لە ئیدارەی قەزاکە گرت و گوتی، "لە سنووری سنوون 18 گوند و کۆمەڵگە هەن، بەڵام هیچ بنکەیەکی ئاگرکوژێنەوەی تێدا نییە، خۆ ئەگەر بنکەیەک هەبووایە دەیانتوانی زوو بگەنە شوێنی رووداوەکە و رەنگە بیانتوانیبا رزگاریان بکەن."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، جگە لە چوار منداڵەکەی خۆیان، چوار منداڵی دیکەی برای پیاوەکەش کە لە شەڕی ئێران – عێراقدا کوژراوە، لەگەڵ ئەو خێزانەدا دەژین.
تەرمی دوو هاوژینەکە لە گۆڕستانی شەرەفەدینی ناحیەی سنوون بە خاک سپێردران.