هاونیشتمانییەک لە رواندز بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی دانیشتووی سۆران، ئەمڕۆ لە بەرزاییەکانی چیای (رۆڵە) لە سنووری رواندز مینی پێدا تەقییەوە. خێزانەکەی بۆ گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییەکە شین دەگێڕن.
 
هاونیشتمانییەکە دوو هاوژینی هەبوون و خاوەنی 15 منداڵ بوو. کوڕێکی شایەتحاڵی مەرگی باوکی بووە.
 
سەهەند محەمەد، کوڕی ئەو هاونیشتمانیەیە کە گیانی لەدەستداوە و دەڵێت، "بۆ گیای بەهارە چووبووینە ئەوێ، سەرەتا باوکم کە گیاوگۆڵی کرد. بە منی گوت وەرە ئەو فەردە گیایە ببە سەرەوە، بردم و گوتی فەردەیەکی دیکەشم بۆ سەربخە، زۆر پێم گوت ئێرە مینی لێیە و لێرە گیا هەڵمەکەنە، بەڵام ئەو  هەر بە گوێی خۆی کرد، کە مینەکە تەقییەوە نزیکەی 50 مەتر لە من دوور بوو و ون بوو لەبەرچاوم." 
 
لەسنووری سۆران 380 کێڵگەی بە مین داچێندراو هەن، بەرزایی چیاکان پشکی شێری ئەو رووبەرە پێک دەهێنن.
 
لەگەڵ ئەوەی زۆربەی کێڵگەکانی مین هێمای ئاگادارکردنەوەیان لێ داندراون، بەڵام هێشتاش مین هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر ژیانی ئەوانەی بۆ گەشت و گیای بەهارە روو لە چیاکان دەکەن.  
 
رابەر ئەنوەر، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مینە لە پارێزگای هەولێر و دەڵێت، "لەمساڵدا ئەمە یەکەم رووداوی مین و تەقەمەنییە لە سنووری بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر و لە سنوری سۆران رووبدات، ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا روویداوە کێڵگەی مینە و نیشانڕێژیشی بۆ کراوە. مینەکانیش لەم وەرزە بەهۆی باران بارین شوێنیان دەگۆڕێت، بۆیە پەیام و داوای ئێمە لە هاونیشتمانییان ئەوەیە، خۆیان دوور بگرن لەو شوێنانەی شارەزا نین." 
 
لە سنوری سۆران، لەمساڵدا ئەمە یەکەم رووداوی مین و یەکەم قوربانی بوو.