لە سەوڵاوا کەسێک بە تەقەی هێزەکانی پۆلیس دەکوژرێت

رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری سەوڵاوای سەر بە پارێزگای سنە، هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژرا.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025) رەزا محەممەدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی سەوڵاوا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی پۆلیسی شارەکەدا بۆ دەستگیرکردنی کەسێکی شەڕانگێز، ئەو کەسە بە چەک رووبەڕووی پۆلیس دەبێتەوە و تەقە لە هێزەکانی پۆلیس دەکات، لە وەڵامدا هێزەکانی پۆلیس تەقەی لێدەکەن و دەکوژرێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی سەوڵاوا دەڵێت، ژمارەیەک هاووڵاتیی شارەکە سکاڵایان تۆمارکردبوو، "گوایە کەسێکی شەڕانگێز بووەتە هۆی پشێوی و تێکدانی ئاسایشی شارەکە، بۆیە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی تایبەت لەو بابەتە دەستیپێکرد."
رەزا محەممەدی گوتی، هێزە ئەمنییەکانی شارەکە دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی داد، شوێنی خۆحەشاردانی ئەو کەسەیان ئاشکرا کرد و بۆ دەستگیرکردنی کەسەکە دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کرد.
بە گوتەی محەممەدی، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی خۆحەشاردانی، ئەو کەسە رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بووەتەوە و دەستڕێژی گوللەی لە پۆلیس کردووە "پۆلیسیش ناچار بووە تەقە بکات و بەهۆیەوە ئەو کەسە کوژراوە."
بەڕێوەبەری پۆلیسی سەوڵاوا ئاماژە بەوە دەکات، لە ئۆپەراسیۆنەکە، دەست بەسەر دوو دەمانچە، نارنجۆکێک و ژمارەیەک فیشەکدا گیراوە.