بەڕێوەبەرایەتییەکی وەزارەتی کار لە دهۆک فۆڕمی دامەزراندن دابەش دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی پشکنین لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نۆ دەرفەتی دامەزراندنیان لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمەوە هەیە، ئەو کەسانەی فۆرمەکە پڕ دەکەنەوە و ناویان دەردەچێت وەکو مامۆستا لە پەیمانگەی رووناهی و هیوای نابیستان دادەمەزرێندرێن.
 
رۆژی 13ی شوباتی 2024، هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، "فۆرمی دامەزراندنی مامۆستایان لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کەمئەندامانی دهۆک دابەش دەکرێت و نۆ دەرفەتی کار راگەیێندرا. ئەو دەرفەتانە مامۆستایان دەگرێتەوە و لە پەیمانگەی رووناهی و هیوا دادەمەزرێندرێن."
 
ئیبراهیم رۆستەم، بەڕێوەبەری گشتیی پشکنینی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەبارەی مەرجەکانی دامەزراندنی مامۆستایان لەو دوو پەیمانگەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند مەرجێکی سەرەکین، لەوانە تەمەنی لە نێوان 24 تاوەکو 35 ساڵ بێت. دانیشتووی ناوەندی دهۆک بێت و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت."
 
بەڕێوەبەرەکەی وەزارەتی کار سەبارەت بە بەشەکان گوتی، "مامۆستایانی دەرچووی کۆمپیوتەر، بیرکاری، زمانی کوردی و عەرەبی، هونەر و میوزیک بن، وەکو مامۆستا دادەمەزرێنرێن. ئێستا هەر ئەم دەرفەتانەن، بەڵام لە ئایندەدا دەرفەتی دیکەش رادەگەیێنین و بۆ شوێنی دیکە دامەزراندن دەڕەخسێنین."
 
ئیبراهیم رۆستەم ئاماژەی بەوەدا، ئەو دامەزراندنە بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتین. پێش دوو رۆژ بانگەوازی دابەشکردنی فۆرمەکە کراوە و ئەمڕۆ کاژێر 14:00 دابەشکردنی فۆرمەکە کۆتایی هاتووە. ژمارەیەکی زۆر فۆڕم هێنراون و هەموو ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە، فۆرمیان بەردەکەوێت؛ رکابەرییەکە دەکەوێتە نێوان هەموویان و هەموویان هەڵدەسەنگێندرێن.
 
ئیبراهیم رۆستەم لەبارەی رکابەرییەکەوە دەشڵێت، "کێبڕکێیەکە لەسەر ساڵی دەرچوون، کۆنمرە و تەمەنە. بێگومان دەرچووی پەیمانگە ناگرێتەوە و پێویستە بەکالۆریۆسیان هەبێت. ساڵەکانی دەرچوونیش لە 2011 تاوەکو 2020 دەگرێتەوە."