پۆلیسی تورکیا پەناخوازێکی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر دەکات

رووداو دیجیتاڵ

پەناخوازێکی سیاسیی کورد لە شاری مانیسای تورکیا لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا و کەسوکاری نیگەرانن لەوەی رادەستی ئێران بکرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی شاری مانیسای تورکیا پەناخوازێکی کورد بە ناوی حوسێن مینبەری دەستبەسەر کراوە.

شەوگار محەممەدی، هاوژینی حوسێن مینبەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان دەبێت چوار هەفتە جارێک بچنە فەرمانگەی کۆچ و بەڵگەی مانەوەیان لەو شارە واژۆ بکەن. دەشڵێت، خۆی رۆژی یەکشەممە چووە و بەڵگەکەی واژۆ کردووە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە، بەڵام ئەمڕۆ کە هاوژینەکەی چووە بەڵگەنامەکە واژۆ بکات، دەستبەسەر کراوە.

حوسێن مینبەری و شەوگار محەممەدی مانگی 12ی ساڵی 2022 لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کران و نزیکەی شەش مانگ لە کەمپی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران لە شاری مۆغڵا راگیران و دواتر ئازاد کران و رێگەیان پێدرا لە شاری مانیسا نیشتەجێ بن.

شەوگار محەممەدی دەڵێت، هاوژینەکەی توانیویەتی یەکجار پەیوەندی پێوە بکات و ئاگاداری کردووەتەوە لە فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی مانیسا پێی گوتراوە لە کەمپی پەنابەرانی مۆغڵاوە داوایان کردووە و دواتر سواری ئۆتۆمبێلیان کردووە و دیار نییە بەرەو کوێی دەبەن. 

حوسێن مینبەری تەمەن 34 ساڵان خەڵکی سنەیە، لەگەڵ هاوژینەکەی شەوگار محەممەدی، تەمەن 29 ساڵ و خەڵکی مەریوان دەڵێن، بە هۆکاری سیاسی و بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان رۆژهەڵاتی کوردستانیان جێهێشت. ئەوان لە مانگی 10ی ساڵی 2022ـەوە چوونە تورکیا بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بگەیێننە وڵاتێکی ئەوروپی.