لە سلێمانی لە کۆی 1307 قوتابخانە لە 1208ـیان دەوام دەستیپێکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، لە سەنتەری شار 100٪ـی قوتابخانەکان دەوامیان تێدا دەکرێت. بەرپرسابی پەروەردەکانی راپەرین و هەڵەبجەش دەڵێن، لە سەنتەری شارەکانیان زۆربەی قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام لە دەوروبەر و گوندە دوورە دەستەکان هێشتا دەوام وەکو پێویست نییە. بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیانیش دەڵێت: "شتێک نەماوە بە ناوی بایکۆت."
لە 13ـی ئەیلوول خوێندنی وەرزی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە قوتابخانەکان بە گشتی جگە لە بەشێکی 12 بنەڕەتی تاوەکو 09ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ نەکرایەوە، بەڵام دوای ئەو وادەیە وردە وردە دەرگای قوتابخانەکان بە رووی قوتابیاندا کرانەوە.
"لە سلێمانی زۆربەی قوتابخانەکان کراونەتەوە"
لە سنووری پەروەردەی گشتیی سلێمانی 1307 قوتابخانەی حکومی و 101 قوتابخانەی ناحکومی هەن. بەرپرسێکی پەروەردەی سلێمانی لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوام بە رووداوی گوت، لە سەنتەری شار دەوام دەستیپێکردووەتەوە و هیچ گرفتێک نییە و مامۆستایان وانەش دەڵێنەوە، لە کۆی 1307 قوتابخانەی حکومی 1208 قوتابخانەی دەوامیان تێدا دەسیپێکردووەتەوە.
ئەو بەرپرسەی پەروەردەی سلێمانی نەیشاردەوە، لە دەرەوەی سلێمانی تاوەکو ئێستا، بەشێکیی مامۆستایان نەگەڕاونەتەوە قوتابخانەکان، بە دیاریکراوی لە پێنجوێن و سەیدسادق مامۆستا ماوە بگەرێنەوە دەوام، بەڵام قوتابخانەکان کراونەتەوە.
بەگوێرەی بڕیارێکی پەروەردەی سلێمانی کە رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دەست رووداو کەوت، بڕیار بوو هەر وانەبێژێک تاوەکو حەوت رۆژ و مامۆستای میلاک تاوەکو یەک مانگ ئامادە نەبن، لە کارەکەیان دوور بخرێنەوە و جێگرەوەیان بۆ دابنرێت.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی پەروەردەی سلێمانی کە قسەی بۆ رووداو کرد، لە شارباژێر سێ وانەبێژ جێگرەوەیان بۆ دانراوە، بەڵام جگە لەوانە هیچ مامۆستایەکی جێگرەوە دانەنراوە چونکە پێویست نەبووە و دەرگای قوتابخانەکان کراونەتەوە و زۆربەی مامۆستایان گەڕاونەتەوە هۆڵەکانی خوێندن.
لە هەڵەبجە لە کۆی 141 قوتابخانە "تەنیا 50ـیان دەوام دەکرێت"
لە پەروەردەی هەڵەبجە 141 قوتابخانەی حکومی و 10 قوتابخانەی ناحکومی هەن، کە نزیکەی دوو لەسەر سێی قوتابخانە حکومییەکان نەکراونەتەوە.
دلێر مەحموود، بەڕێوەبەری سەرپەرشتیکردنی پەروەردەی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا 50 قوتابخانە کراونەتەوە و مامۆستایان وانەی تێیدا دەڵێنەوە، زۆربەی ئەو قوتابخانانەش لە سەنتەری شارن، چونکە لە سەنتەر گرفت نییە و زۆربەی مامۆستایان گەڕاونەتەوە، پڕۆگرامی خوێندنیش کەمکراوەتەوە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پەروەردەی هەڵەبجە، زۆربەی ئەو مامۆستایانەی دەوامیان لە دەرەوەی سەنتەری شار و گوندە دوورەدەستەکانن نەگەڕانەتەوە هۆڵەکانی خوێندن، دلێر مەحموود دەڵێت: "زۆربەی ئەو مامۆستایانەی لە دەرەوەی شارن پێویستیان بە هاتووچۆیە و ئەوەش بووەتە گرفت بۆیان، بەڵام بڕیارە تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەو قوتابخانانەش دەوام دەستپێبکاتەوە."
لە گەرمیان "شتێک نەماوە بە ناوی بایکۆت"
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سێ پەروەردە هەن کە ئەوانیش کەلار، خانەقین و کفرن، لە هەرسێ پەروەردەکە 400 قوتابخانە هەن.
دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پەروەردەی کەلار گەورەترینیانە کە سەد لە سەد دەوام تێیدا دەستیپێکردووەتەوە و مامۆستایانیش وانە دەڵێتەوە و هیچ گرفتێک نییە، لە پەروەردەی خانەقینیش دەوام دەکرێت و مامۆستایان گەڕاونەتەوە قوتابخانەکان."
لە پەروەردەی کفری تاوەکو هەفتەی رابردوو بەشێکی مامۆستایان نەگەڕابوونەوە هۆڵەکانی خوێندن. دارا ئەحمەد دەڵێت: "پەروەردەی کفریش لە رۆژی یەکشەممەوە 11ـی ئەم مانگە دەوام تێیدا زۆر باش بووە و دەستیانپێکردووەتەوە، بۆیە لە گەرمیان شتێک نەماوە بە ناوی بایکۆتەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان، هیچ مامۆستایەکی میلاک و وانەبێژ لە کارەکەی دوورنەخراوەتەوە و جێگرەوەیان بۆ دانەنراوە.
لە راپەڕین زیاتر لە نیوەی قوتابخانەکان نەکراونەتەوە
لە سنووری پەروەردەی گشتیی راپەرین، کە هەردوو پەروەردەی پشدەر و رانیە دەگرێتەوە 362 قوتابخانە هەن. بەگوتەی بەرپرسێکی پەروەردە، کە قسەی بۆ رووداو کردووە، لە سنووری پەروەردەی رانیە 140 قوتابخانە کراونەتەوە و مامۆستایان وانەش دەڵێنەوە و دەوامی ئاسایی دەکرێت، بەڵام لە سنووری پەروەردەی پشدەر و گوند دوورەدەستەکان تاوەکو ئێستا دەوام وەکو پێویست نییە.
ئەو بەرپرسەی پەروەردەی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو هەوڵێکیان داوە تاوەکو زۆربەی مامۆستایان بگەڕێنەوە قوتابخانەکان و خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێت، وەڵامدانەوەی مامۆستایانیش باش بووە، هەر وانەبێژێکیش کە نەگەڕێتەوە ئەوە ناچارن جێگرەوەی بۆ دابنێن.
لە پەروەردەی پشدەر 171 قوتابخانە هەن. بەگوتەی بەرپرسێکی پەروەردەی راپەڕین تەنیا 40 قوتابخانەیان بە رووی قوتابییانەوە کراونەتەوە و هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش بکرێنەوە.
بەرپرسێکی پەروەردەی پشدەریش کە قسەی بۆ رووداو کرد گوتی، سنووری جوگرافیای ناوچەکەی پشدەر وایە زۆربەی گوندە و ناوچەی شاخاوییە، زۆربەی قوتابخانەکانیشمان لە گوندەکانن لە کۆی 170 قوتابخانە 120ـیان لە گوندە دوورە دەستەکانن کە مامۆستایان گرفتی هاتووچۆ و نەبوونی کرێی هاتووچۆیان هەیە.
ئەو بەرپرسەی پەروەردەی پشدەر گوتیشی، بە گشتی لە پەروەردەی پشدەر دەوام کراوەتەوە، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانی ئەواندا نییە، "لە نێو شاردا ئامادەییەکان دەوام دەکەن، بنەڕەتییەکانیش دەرگای قوتابخانەکان کراوەتەوە و نزیکەی 15 قوتابخانەش دەوامی تێدا دەکرێت."
لەبارەی جێگرەوە بۆ وانەبێژان، ئەو بەرپرسەی پەروەردەی پشدەر گوتی، ئەگەر لە قوتابخانەیەک زۆربەی مامۆستایان بگەڕێنەوە و دەوام تەنیا لەسەر چەند وانەبێژێک راوەستابێت ئەوە جێگرەوە دادەنرێت، بە نموونە لە قوتابخانەیەک تەنیا سێ وانەبێژ نەگەڕانەوە خوێندن جێگرەوەیان بۆ دانراوە.
رۆژی 08ـی کانوونی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی راگەیاند کە تێیدا 09ـی هەمان مانگ وەرزی یەکەمی خوێندن لەو سنوورانەی کە بایکۆتی تێیدا کرا دەستپێدەکاتەوە.
لە ساڵنامەی نوێ خوێندندا هاتبووە، سێشەممە 9ـی کانوونی دووەم خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەمساڵ دەخایەنێت هاوکات 09-03-2024 تاوەکو سێشەممە 19-03-2024 تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەر 80 نمرە بەڕێوەدەچێت.
دەوامی وەرزی دووەمیش یەکشەممە 24-03-2024، دەستپێدەکات و تاوەکو پێنجشەممە 16-05-2024، بەردەوام دەبێت. هاوکات یەکشەممە، 19-05-2024، تاوەکو پێنجشەممە 30-05-2024 تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەم لەسەر 80 نمرە بەڕێوەدەچێت.