سوپا لە خانووەکانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک دەکشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداریێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوێک بڕیارێکی پێشووتری خۆی سەبارەت بە خانووەکانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک راگرت.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، ئەمشەو (13-1-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند لەسەر هێڵ بوون تاوەکو "ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوێکی سەبارەت بە راگرتنی بڕیارێکی پێشووتری خۆی لەبارەی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک دەرکرد."
گوتیشی بەپێی بڕیارەکەی ئەمینداریێتیی ئەنجوومەنی وەزیران "دەستووەردانی سوپا لە خانووەکانی گەڕەکەکە هەڵدەگیرێت و دەبێ لەو ماڵانە بکشێنەوە، کە تێیدان."
سەبارەت بە تاپۆکردنی خانووەکان، خالید شوانی رایگەیاند "نوێنەرانی گەڕەکەکە لە بەغدان و دیدارێکیان لەگەڵ ئەمیندراریێتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ رێکخراوە، تاوەکو رێگەچارەیەک بۆ تاپۆکردنی خانووەکان دابنرێت."
کێشەی گەڕەکی نەورۆز چییە؟
هێزێکی سوپای عێراق رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2023 هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکووک و داوای چۆڵکردنی 122 خانووی کرد، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس بە زێدەڕۆ دروستکرابوون و ناوی ئەو خێزانانەیان تۆمار کرد کە لە خانووەکاندان و داوایان لێکردن بە زووترین کات چۆڵیان بکەن.
ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگەی کەرکووک یاسایەکی دەرکردبوو کە رێگەی بە هاووڵاتییان دەدا لەنێو خانووە زێدەڕۆکان و ئەو 122 خانووەدا بمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی حکومەت قەرەبوویان دەکاتەوە، بەڵام ئەو رۆژە سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر گەڕەکەکە و هەر خێزانێک لە ماڵەوە نەبوو، دەستی بەسەر خانووەکەیدا گرت، ئەوەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و هەندێک لە وەزیرانی کورد و پەرلەمانتارانی لە ئاستی باڵا هێنایە سەر هێڵ.
دواجار سوپای عێراق لەژێر گوشار کشایەوە، بەڵام حەوت خانووی گەڕەکی نەورۆز کە سوپا دەستی بەسەرداگرتبوون رادەستی پۆلیس کران. وەزیری دادی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ''مەسەلەی دەرکردنی دانیشتووانی گەڕەکەکە لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە کۆتاییهاتووە و، ئێستا زەوی و خانووەکان بە ناوی وەزارەتی دارایی عێراقەوەن."