لە نەرویج کۆچبەرێکی کورد 5 ساڵە لە نێو دارستانێک لە ژێر خێوەتدا دەژی


رووداو - سلێمانی

کۆچبەرێکی کورد کە هەشت ساڵە لە نەرویجە، ماوەی پێنج ساڵە لە نێو دارستانێکدا دەژی. ئەو کۆچبەرە دەڵێت، بەهۆی بەفر و سەرماوە لە دۆخێکی سەختدایە. 
 
رۆژی هەینی 13-01-2023، سەلیم عەزیز، کۆچبەرێکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە چاوپێکەوتنێکدا لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "هەشت ساڵە لە نەرویجم و مافی مانەوەم پێنەدراوە و بەهۆیەوە ناتوانم کار بکەم بە ناچاری لە نێو خێوەتێکدا دەژیم."
 
بەو کەشە ساردەی نەرویج و شاری ئۆسلۆ، سەلیم عەزیز بە تەنیا و لە نێو دارستانێک و لە ژێر خێوەتێکدا دوور لە ئاوەدانی دەژی، بەفر خێوەتەکەی داپۆشیوە، ئەو کۆچبەرە دەڵێت: "ژیانێکی زۆر قورسم هەیە، کەس هاوکاری نەکردووم و شوێنم بۆ دابیننەکراوە؛ لە رێگەی کۆکردنەوەی پاشماوە و قووتو یان چەند کارێکی دیکە بژێویم پەیدادەکەم."
 
وەک سەلیم عەزیز خۆی دەڵێت، گوزەرانی "زۆر خراپە"، بۆیە ناچارە پەنا بۆ کڕینی ئەو خواردنانەی مارکێتەکان ببات، کە ماوەیەکی کەمیان ماوە بەسەربچن و هەرزانترن. دەشڵێت، "رۆژی وا هەیە کە لەخەو هەڵدەستم هیچم نییە بیخۆم." 
 
لەبارەی ئەوەی بۆچی کەمپی جێهێشتووە و بەتەنیا دەژی، سەلیم عەزیز گوتی: "لە کەمپی کۆچبەران بەهۆی دروستبوونی شەڕ و مەترسیی لەسەر ژیانم، ئەوێم جێهێشت. ئەو کاتەی لەوێ بووم زۆر ئازاریاندام ناچاربووم بەهۆی مەترسیی لەسەر ژیانم کەمپ جێبهێڵم و لەو کاتەوە بەتەنیا لە نێو چادرێکدا دەژیم."
 
ئەو کۆچبەرە کوردە زیاتر باسی ژیانی رۆژانە و دۆخی خۆی دەکات و دەڵێت،: "شوێنەکەم دارستان و جەنگەڵە و نزیکەی نیو کاژێر دوورە لە ئاوەدانییەوە، بەهۆی ئەوەی چادرەکەم نایلۆنە ناتوانم ئاگر بکەمەوە." دەشڵێت: "شەوان لە نێو کیسەخەو دەخەوم و زۆرجار بەهۆی سەرماوە تووشی ئازاری قاچ و گورچیلە دەبم."