گوتەبێژی وەزارەتی داد: وەزیر نەشتەرگەرییەکی دڵی بە سەرکەوتوویی بۆ ئەنجامدرا


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی داد رایگەیاند، وەزیری داد "نەشتەرگەرییەکی بچووک"ی بۆ ئەنجامدراوە و لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە دەڵێت، "زۆر باشە".

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەخۆشکەوتنی فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێمی کوردستان بەهۆی کێشەیەک لە دڵیدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-01-2022 نەریمان تالیب، گوتەبێژی وەزارەتی داد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەڕێز فەرسەت ئەحمەد، لەژێر چاودێریی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە یاوەریی وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی نەخۆشخانەی (سەنتەری دڵ)ی لە شاری هەولێر کرد، بە مەبەستی پشکنینێکی تەندروستیی رۆتینیی ساڵانە".

گوتەبێژەکەی وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەنجامی پشکنینەکانی [وەزیری داد] باشن و تەنیا پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بچووک هەبووە، کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەمان سەنتەر، بە سەرکەوتوویی بۆی ئەنجامدراوە".

لەبارەی دۆخی تەندروستیی فەرسەت ئەحمەدەوە، نەریمان تالیب دەڵێت، "ئێستا رەوشی تەندروستیی بەڕێز وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر باشە، و بەڕێزیان سوپاسی هەموو کەسایەتی و لایەن و رۆژنامەنووسان دەکات کە لە خەمی هەواڵپرسینی تەندروستیی ئەودا بوون".