نەتەنیاهوو بۆ خەڵکی ئێران: زۆر زووتر لەوەی خەڵک پێشبینی دەکات، ئێران ئازاد دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بە خەڵکی ئێران دەڵێت، ئێران "زۆر زووتر لەوەی خەڵك پێشبینی دەکات، ئازاد دەبێت."
 
نەتەنیاهوو لە پەیامەکەی رۆژی پێنجشەممەیدا بە خەڵکی ئێران دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ئێوە لە ئاشتیدابین."
 
نەتەیاهوو پێیوایە خەڵکی ئێرانیش دەیەوێت لەگەڵ ئیسرائیل لە ئاشتیدا بێت، بەڵام بە گوتەی خۆی، حکومەتی تاران رێگەیان پێنادات. 
 
دەشڵێت: "ئێوە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمێکدا ئازار دەچێژن کە ئێوە سەرکوتدەکات و هەڕەشەتان لێ دەکات."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە خەڵکی ئێران رادەگەیێنێت: "سەرکوتکارەکانتان زیاتر لە 30 ملیار دۆلاریان لە پشتیوانیکردنی ئەسەد لە سووریا خەرجکرد، ئەو رژێمەی کە تەنیا بە یازدە رۆژی شەڕکردن رووخا و بوو بە تەپ و تۆز. رژێمەکەتان زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری لە پشتیوانیکردنی حیزبوڵڵا لە لوبنان خەرجکرد، لە چەند هەفتەیەکدا، زۆربەی سەرکردەکانی حیزبوڵڵا، رۆکێتەکان و هەزاران تیرۆرستی بوون بە دووکەڵ."
 
لە بارەی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە، نەتەنیاهوو دەڵێت: "رووداوەکانی ئەمڕۆ زنجیرەیەک کاردانەوەن بۆ تێکشکاندنی حەماس، وێرانکردنی حیزبوڵڵا و بە ئامانجگرتنی [حەسەن] نەسروڵڵا."
 
نەتەنیاهوو پێیوایە: "رۆژێک دێت ئێران ئازاد دەبێت. ژن، ژیان، ئازادی. ئەوەیە داهاتووی ئێران، ئەوە داهاتووی ئاشتییە. من هیچ گومانێکم نییە ئێمە پێکەوە ئەو داهاتووە بەدیدەهێنین، زۆر زووتر لەوەی خەڵک پێشبینی دەکات. من دەزانم و بڕوام وایە ئێمە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕین بۆ هێمای خۆشگوزەرانی، پێشکەوتن و ئاشتی."