سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا جەخت لە هاوئاهەنگی نێوانیان دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە هەولێر کۆبوونەوە و جەختیان لە پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی نێوانیان کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەولێر - بەرلین، پێشهاتەکانی سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەرک و چالاکیی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی دژی داعش و دۆخی گشتیی عێراق تاوتوێ کران.
دوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بازرانی لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی: "خۆشحاڵبووم بە میوانداریکردنی، بۆریس پێستریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە هەولێر، سوپاسی خۆم بە وەزیر گەیاند، لە بەرامبەر پشتیوانی و یارمەتیی بەردەوامیی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق".
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیاش، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە، "وەزیر پیستۆریەس لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و لە پشتیوانی زیاتر دڵنیای کردەوە".
لەدوای کۆبوونەوەکەش، ئاڵا شاڵی پەیامنێری رووداو لەبارەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دۆخی رۆژئاوا، پرسیاری لە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کرد.
بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەوبارەوە گوتی: "گفتوگۆیێکی ناوازە، خۆش و دۆستانەمان ئەنجامدا، بەڕێزیان سوپاسگوزاربوون بۆ ئەو خزمەتەی چەندین ساڵە ئەڵمانیا لە هەرێم پێشکێشی دەکات و ئێمەش بەردەوام دەبین. جەنابیان ئێمە وەکو هاوبەشێکی متمانەپێکراوی نزیک دەبینێت. منیش تەنیا دەتوانم ئەوە دووپات بکەمەوە کە سەربازانمان لێرە جەخت لەو هاوئاهەنگییە مەزنە دەکەنەوە".
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەبارەی سووریاش گوتی: "سەبارەت بە سووریا، پێویستیی بنچینەیی ئەوەیە وڵاتەکە ئارام بێتەوە، سەقامگیری، ئاسایش و ئاشتی لە وڵات ببوژێتەوە، هەموو کەمینەکان لە وڵاتەکە رۆڵی خۆیان بگێڕن، سەلامەتی بدۆزنەوە و بە ئارامی لە ناوچەکانیان بژین؛ هاوکات رێگەی جیاواز بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بەیەکەوە لەپێناو داهاتووی سووریا تێبکۆشن. ئەمە بۆ کوردانی سووریاش پێویستە کە دەبێت لە ئاشتی و سەقامگیریدا بن. دەبێت ئەمە ئامانجە هاوبەشەکە بێت. بێ گومان ئەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا تاوتوێ دەکەم".
جگە لە شاندی سەربازی، وەزیر چوار پەرلەمانتاری سەر بە چوار پارتی جیاوازی وڵاتەکەی لەگەڵ دابوو.
سەراب گولەر، پەرلەمانتاری پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا بە رووداوی گوت: "بەڕاستی ئەمڕۆ زۆر روون و ئاشکرابوو کە چەندێک هاوکاری و پشتیوانیی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە، ئەمڕۆ وەزیر دووپاتیکردەوە کە پشتیوانی و هاوکارییە سەربازییەکانی سوپای ئەڵمانیا لێرە بەردەوام دەبێت، بەڕاستی دۆخی ئێرە زۆر سەقامگیرترە لە دۆخی نێوەڕاستی عێراق، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێت کە ئێمە لێرە نەبین، لەبەر ئەو دۆخە هەستیارەی لە ناوچەکە هەیە پێویستە ئێمە لێرە بمێنینەوە و ئاڵاکەی ئەڵمانیا نیشان بدەین و بەردەوامبین لە پشتیوانیی کورد".
ئەڵمانیا لە ساڵی 2014 لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە. ئەڵمانیا جگە لە دابینکردنی چەک، مەشق و راهێنانیش بە پێشمەرگە دەکات.