سەندیکاکانی کرێکاران: ئەم ساڵ 41 کرێکار لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 41 کرێکار لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە، کە نیوە زیاتریان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوون. سەرۆکی لقی هەڵەبجەی سەندیکای کرێکاران دەڵێت، لە سنووری پارێزگەکەیان هیچ کرێکارێک گیانی لەدەست نەداوە، چونکە هیچ پرۆژەیەکی گەورە لە پارێزگەکەیاندا نییە.
رۆژی سیشەممە 12-12-2023، یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 10 کرێکار لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە، کە پێنج کرێکاریان بیانی و پێنجی دیکەیان کورد بوون، جگە لەوەی 14 کرێکاریش بریندار بوون کە زۆربەیان بیانی بوون.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی کرێکارانی هەرێمی کوردستان بە چەندین رێگە و میکانیزم بڕیاریدا بە پابەندکردنی کۆمپانیاکان بە دامەزراندنی 75%ـی کرێکاری ناوخۆیی و 25%ـی کرێکاری بیانی.
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان گوتی، "بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێوە لیژنەیەکی هاوبەشی سەندیکامان لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی ناوخۆ، قایمقامیەت و تەنانەت لیژنەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانیشمان لەگەڵ دەبێت کە پڕۆژەکان بەسەردەکەنەوە بۆ ئەوەی بزانن تا چەند ئەو بڕیارە جێبەجێکراوە".
بەگوتەی، یوسف کەریم، بڕیار بوو ئەو لیژنەیە لە 22ـی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە دەستبەکاربن و پڕۆژەکان بەسەربکەنەوە، بەڵام پێشنیازێک هەبوو کە ئەم چەند مانگەش بە پڕۆژەکان بدرێت بۆ ئەوەی بڕیارەکە جێبەجێ بکەن و لە ساڵی نوێوە لیژنەکە دەستبەکار دەبێت و ئەگەر هەر پڕۆژەیەک کرێکاری بیانی زیاتر لە 25% بێت لێپێچینەوەی جیدی لەگەڵ دەکرێت و بە پێبژاردنیش سزادەدرێن و تەنانەت رێگە بە نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان نادرێت.
لە سلێمانی 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە 15یان کورد، دوو سووری، دوو ئێرانی، دوو عەرەب، سێ تورکمانی موسڵ و یەکێکی نیپاڵی کە خۆی کوشت".
لەبارەی ژمارەی برینداربوونی کرێکاران، چالاک رەئووف گوتی، "سێ جۆر برینداربوونمان هەیە، یەکەم ئەوانەن کە تۆمار ناکرێن و برینی کەمیان هەیە و خۆیان دەچنە نەخۆشخانەکان و چارەسەر وەردەگرن، دووەم ئەوانەن کە دەستەبەر نەکراون و لە پڕۆژەی بیناسازی کار دەکەن و خاوەن کارەکان بە نهێنی دەیانبەنە نەخۆشخانەکان و چارەسەریان دەکەن و سێیەم ئەوانەن تۆماردەکرێن، کە بە سەدان کرێکارن".
سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان گوتی، "لە سەری ساڵەوە هەموو ئەو خاوەن کارانەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان دەبێت بەو یاسایە کاریان کردبێت کە ژمارە کرێکارانی ناوخۆییان 75% و بیانییان 25% بێت".
چالاک رەئووف گوتیشی، "وەک سەندیکا گیرۆدەی دەستی ئەوەین کە کرێکار بەنایاسایی داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێت ئەوەش ئەوانەن کە لە رۆژهەڵات، تورکیا و سووریا لەسەر ناوی گەشتیاری دێن، کاری کرێکاری دەکەن و ناویشیان تۆمارنەکراوە، دەتوانم بڵێم چەند کرێکار بە یاسایی دێن، دوو هێندەش بە نایاسایی دێن".
لە دهۆک شەش کرێکار گیانیان لەدەستداوە
وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمساڵ شەش کرێكار گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان بیانی و ئەوانی دیکە کورد بوون، هاوکات هەشت کرێکاریش برینداربوون کە 90%ـیان لە پڕۆژەی بیناسازی کەوتوونەتە خوارەوە.
بەگوتەی سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، بەراورد بە ساڵی پار ژمارەی گیانلەدەستدانی کرێکاران کەمیکردووە، چونکە پار 12 کرێکار گیانیان لەدەستدابوو.
لەبارەی پابەندبوون بە مەرجەکانی سەلامەتی لەکاتی کارکردن، وڵات ئۆزمانی دەڵێت، 50%ـی مەرجەکان جێبەجێ دەکرێن، چونکە لە زۆربەی پڕۆژەکان مەرجەکان وەک خۆیان جێبەجێ ناکرێن، تەنانەت کاژێرەکانی کارکردنیش وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت و کرێکار هەیە زیاتر لە 8 کاژێر کاری پێدەکرێت، پێویستە کەمترین مووچەیان 350 هەزار دینار بێت لەکاتێکدا کرێکار هەیە بە 200 هەزار دینار کاری پێ دەکرێت.
لە پارێزگای دهۆک 125 هەزار کرێکار هەن کە نزیکەی 20 هەزاریان بیمەی کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە. وڵات ئۆزمانی رایگەیاند، "لە بەشێکی زۆری رێنماییەکان سەرپێچی دەکرێت و بڕیارە لە ساڵی نوێوە چاودێری هەموو بڕیارەکانی تایبەت بە کرێکاران بکرێت و لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە رێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێ ناکەن".
لە هەڵەبجە هیچ کرێکارێک لەکاتی کارکردن گیانی لەدەست نەداوە
کارزان محەممەد نەجم، سەرۆکی لقی هەڵەبجەی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "لە هەڵەبجە هیچ کرێکارێک گیانی لەدەستنەداوە و برینداریش نەبوون، چونکە ئەو پڕۆژە گەورانەی لە شارەکانی دیکە هەن لە هەڵەبجە نین، بەشێکی بەهۆی ئەوەیە هەڵەبجە جیاوازە لە شارەکانی دیکە لە رووی پڕۆژەی گەورە، کەمترین کارگە و باڵەخانەی تێدایە و زۆربەی پڕۆژەکان بچووک و سادەن".
لەبارەی هەلی کار لە پارێزگای هەڵەبجە، سەرۆکی لقی هەڵەبجەی سەندیکای کرێکاران گوتی، "دەتوانم بڵێم هەلی کار لە پارێزگاکە هەر نییە، چونکە زیاتر ئەوانەی لەم شارە دەژین فەرمانبەر و مامۆستان و کەمترین هەلی کاری تێدایە و ئەوەشی هەبێت خەڵکانێکن، کە پڕۆژەی بچووکیان کردووەتەوە".