بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە: بەهۆی سەری ساڵەوە تێچووی عومرە زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاونیشتمانییەکی زۆر ناویان تۆمارکردووە بۆئەوەی بۆ سەری ساڵ بچنە سعودیە، ئەوەش وایکردووە نرخی تیکت و هۆتێل بەرز بببێتەوە و ئێستا تێچووەکەی لە هەندێک کۆمپانیا هەزار بۆ هەزار و 50 دۆلارە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 12-12-2022 شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خەڵکێکی زۆر لە رۆژی 23ی ئەم مانگەوە بۆ 3ی کانوونی دووەمی 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆئەوەی عومرە بکەن، ئەوەش وایکردووە تێچووەکەی زیاد ببێت. ئێستا وەکو جاران بە 700 دۆلار نییە. کۆمپانیا هەیە بە هەزار یان هەزار و 50 دۆلار خەڵک دەبات، چونکە بەهۆی سەری ساڵەوە خەڵکێکی زۆر ناویان نووسیوە، هەربۆیە نرخی تیکت و هوتێل بەرز بووەتەوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی، لە 15ی ئابەوە نزیکەی 25 هەزار کەس عومرەیان کردووە.
 
لەبارەی ناونووسین بۆ حەج، شێخ نیاز نەقشبەندی گوتی، هێشتا دیار نییە چەند هاونیشتمانی دەتوانن حەج بکەن و لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا لە جەدە کۆبوونەوەیەک دەکرێت و ژمارەی هاونیشتمانیان، تێچووەکەی، تەمەن و هەموو ئەوانە دیاری دەکرێن.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، "جگە لەوەی 2500 کەس هەن کە لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ناویان بۆ حەج تۆمارکرد و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە نەیانتوانی حەج بکەن، ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانیی دیکە هەن کە نزیکەی 83 هەزار کەس دەبن و لە ساڵی 2017وە ناویان تۆمار کرد و تەنیا بەشێکیان رۆیشتوون، بەڵام بەشێکی دیکەیان نەیانتوانیوە حەج بکەن. بۆیە ئەگەر سعودیە ژمارەیەکی کەمی هاونیشتمانیی دیاریکرد، ئەوە ئەو 2500 کەسە دەمێننەوە. ناونووسین دەکەین و بەشێک هاونیشتمانیی نوێ زیاد دەکەین و بەشێک لەوانەش زیاد دەکەین کە لە رابردوودا فۆرمیان پڕکردووەتەوە بۆئەوەی مافیان نەفەوتێت."