پارێزەری حوکمدراوانی بادینان: پێنج حوکمدراو ئازاد دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان دەڵێت، ئەمڕۆ چوار حوکمدراوی شیلادزێ ئازاد دەکرێن و بڕیارە سبەینێش ئەوی دیکەیان ئازاد بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 12-12-2022، بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دادگەی تاوانی 2ی هەولێر بڕیاریدا بە ئازادکردنی چوار چالاکڤانی شیلادزێ."
بە گوتەی بەشدار حەسەن، "ئەو چالاکڤانانە لە 08-12-2020 دوو ساڵ سزای زیندانییان بۆ دەرکرا و تەواویان کردووە و کەمێکی دیکە لە چاکسازیی گەورانی هەولێر ئازاد دەکرێن."
ئەو ئەندامەی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان گوتیشی، "ئەو کەسانە بە مادەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان سزادراون کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی."
لە مادەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003دا هاتووە، "هەر کەسێک بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک لە کارێکدا تێوەبگلێت بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی تاهەتایی یان کاتی، سزا دەدرێت."
حوکمدراوانی شیلادزێ ئەمانەن:
یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001
مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996
کۆڤان تارق جبرائیل، لەدایکبووی 1996
ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989
نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993
ئەو کەسانەی ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن بریتین لە یوسف شەریف، مەحموود ناجی، کۆڤان تارق، نێچیرڤان بەدیع. پارێزەری حوکمدراوانی بادینان گوتیشی، سبەینێش حوکمدراوەکەی دیکەی شیلادزێ بەناوی ئەمجەد یوسف مستەفا ئازاد دەکرێت.