رێواز فایەق: پرۆژەیاسای چاکسازی گەیشتە پەرلەمان

رووداو - هەولێر 

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ پرۆژەیاسای چاکسازی پەسەنکرد، ئەمڕۆ پرۆژەیاساکە گەیشتە پەرلەمانی کوردستان. رێواز فایەق دەڵێت "پابەندی ئەرکە یاساییەکانمان دەبین بۆ پەسەندکردنی بە باشترین شێوە".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-12-2019، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە توویتەرەکەی خۆی رایگەیاند "پرۆژەیاسای چاکسازی گەیشتە پەرلەمان، ئێمەش لە پەرلەمان پابەندی ئەرکە یاساییەکانمان دەبین بۆ پەسەندکردنی بە باشترین شێوە و لە بەرژەوەندی خەڵک".
 
پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رەتیکردەوە هیچ ناکۆکییەک لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبێت و رایگەیاند "بڕواناکەم و راست نییە".
 
رۆژی چوارشەممە 11-12-2019 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە و بەکۆی دەنگ پرۆژەیاسای چاکسازی پەسندکرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی رەشنووسی پرۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشین و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان - عێراق کرا کە بەشێکە لە بەرنامەی گشتگیریی چاکسازیی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا، چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە هەنگاوەکانی داهاتوودا گشت کەرتەکان دەگرێتەوە.
 
مانگی شووباتی ساڵی رابردوو پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە پەرلەمان پەسند کرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی لەبارەی کەمی مووچەی خانەنشینی فەرمانبەران و زۆری خانەنشینی پلەباڵاکان پرۆژەکە گەڕێندرایەوە بۆ حکومەت. دوای پەسەندکردنیشی لەلایەن حکومەت ئێستا لای سەرۆکایەتی پەرلەمانە بۆ پەسەندکردنی.