هاتووچۆی زاخۆ: لە شەش شەقام کامێرای چاودێریی خێرایی دەکەونە کار

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی زاخۆ رایگەیاند، چوارشەممە، 15ـی ئەم مانگە لە شەش شەقام لە نێو سەنتەری شاری زاخۆ شەش کامێرای هاتووچۆ دەکەونە کار.
 
رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023، موقەدەم محەممەد سلێمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر لە سێ شەقامیان کامێرای هاتووچۆ هەبووە، بەڵام کۆن بوون، بۆیە گۆڕیمان بۆ نوێ، لە سێ شەقامی دیکەش کامێرا نەبووە و لەوێش دانرا، رۆژی چوارشەممە 15ـی ئەم مانگە کامێراکان دەکەونەکار و خێراییەکان تۆماردەکەن."
 
بەگوێرەی ئاگادارییەکی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی زاخۆ بۆ هاووڵاتییانی ئەو سنوورە، باسی هەر شەش رێگەکە کراوە کە ئەمانەن؛ شەقامی بێدارێ، شەقامی بەرێوەبەرایەتیی رۆشنبیری  و هونەری، شەقامی ئاشتی، شەقامی گۆڕستانی زاخۆ، شەقامی پێشمەرگە و شەقامی تلکەبەرێ. 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی زاخۆ دەڵێت، "ئەو شەش کامێرانەی دەکەونەکار، خاڵ بۆ خاڵ نین، چونکە ئەو کامێرانە لەنێو سەنتەری شار دانانرێن، ئەوانەی لەو شەش رێگەیە دادەنرێن  کامێرای ئاسایی هاتووچۆیە و سزاکان تۆمار دەکات".
 
لەبارەی کامێرای تیژرۆیی (خاڵ بۆ خاڵ) موقەدەم محەممەد سلێمان گوتی، "لەرێگەی خێرا دادەنرێت، ئێستا لە رێگەی زاخۆ-تونێل سەرقاڵی دانانی ئەو کامێرایانەن، بەڵام هێشتا نەکەوتوونەتەکار، پێویستە لە رێگەی زاخۆ-دهۆکیش دابنرێت و لەوێش هێشتا دانەنراوە."
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە بۆ دانانی نزیکەی 500 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی کە بە شێوەی 'خاڵ بۆ خاڵ' کار دەکەن. بەگوێرەی ئەو گرێبەستەکەش سەرەتا داهاتی ئەو کامێرایانە 70% بۆ کۆمپانیا و 30%ی بۆ حکومەت دەبێت.