ناڵە سووپەر جارێکی دیکە بە زیاتر لە پێنج ساڵ زیندانیکردن حوکمدرا

رووداو دیجیتاڵ 

خوناو عوسمان دایکی ناڵە سووپەر رایگەیاند، ئەمڕۆ لەلایەن دادگەی هەولێرەوە کچەکەی بە تاوانی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی حکومی پێنج ساڵ و مانگێک زیندانیکردنی بۆ دەرچووە. 
 
ناڵە سووپەر، رۆژی 12-05-2022 بە پێنچ ساڵ و مانگێک زیندانیکردن سزادرا، بەڵام دوای تەمیزکردنەوە سزاکەی بۆ ساڵێک و سێ مانگ کەمکرایەوە، بۆیە بڕیاربوو رۆژ یەکشەممە 12-11-2023 ئازادبکرێت، بەڵام دووبارە سزادرایەوە.
 
خوناو عوسمان، دایکی ناڵە سووپەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بۆ ئازادکردنی چووین بۆ دادگەی هەولێر، بەڵام دەرکەوت پێنجشەممەی رابردوو کۆتایی دەوام دۆسیەیەکی نوێیان لەسەر کردووەتەوە و ئەمڕۆ بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی بە پێنج ساڵ و مانگێک سزادرایەوە لە کاتێکدا ناڵە مامۆستایە، وەرزشوانە، کورد پەروەرە و خەڵک لە بنەماڵەکەی فێری کوردایەتی و کوردپەروەری بوون."
 
خوناو عوسمان، دەڵێت، "کاژێر 9:30 دادگەییەکە دەستیپێکرد تاوەکو دەورووبەری کاژێر 11:00، ناڵە تەنیا وەڵامی ئەو تۆمەتانەی داوەتەوە کە دراونەتە پاڵی، ئەو تۆمەتانەش لەرێگەی کچێکەوە بۆی هەڵواسراوە کە هاوڕێی ناڵە بووە و بەردەوام لە ماڵی ئێمە بووە. ئەمڕۆ وەکو شاهید بانگی ئەو کچە کرابوو لەسەر گوتەکانی، بەڵام ئامادە نەبوو."
 
لەبارەی تەندروستیی ناڵە سووپەر لە زیندان، دایکی دەڵێت، "تەندروستی زۆر خراپە، لە حاڵەتێکی زۆر زۆر خراپدایە، چونکە مرۆڤ کە زوڵمی لێدەکرێت و هیچ رێگە چارەیەکی نەبێت دەبێت لەو بارودۆخە چی بەسەربێت؟ دادگەش تەنیا لەسەر گوتەکانی ئەو کچەی هاوڕێی سزای داوە."
 
بە گوتەی خوناو عوسمان، ئەمڕۆ ناڵە بە مادەی 1ـی یاسای ژمارە 21ـی 2003 سزادراوە. دەشڵێت، "رۆژی 11ـی 5ـی 2022 ناڵە بۆ نووسینی ماستەرنامەکەی لە دهۆک بوو، ئەو کچەی برادەری پەیوەندی پێوەکردبوو کە رۆژی 12ـی5 یەک ببینن، بەڵام دەستگیریان کرد، لە کاتێکدا ئەو هیچ کاتێک خۆی حەشارنەدابوو."
 
دوای بڵاوبوونەوەی سزای ناڵە سووپەر بۆ ماوەی پێنج ساڵ و مانگێک هەندێک هەواڵ بڵاوکرایەوە لەبارەی ئەوەی ناڵە لەکاتی خوێندنەوەی سزاکەی جنێوی داوە، لەوبارەوە دایکی دەڵێت، "هیچ کەسێک نان و پیاز بە بابەتەکە نەخوات، گوایە دەگوترێت دوای خوێندنەوەی سزاکەی لەلایەن حاکمەوە جنێوی داوە، ئەو قسەیە هیچ راست نییە و لە نێو حەرەمی دادگە جنێو نەدراوە و ناڵە لەو ئاستە نییە جنێو بدات، تەنیا نەفرەتی لە نادادپەروەری کردووە، ئێمە چەندە رقمان لە خەڵک بێت، جنێو نادەین و ئەوە رەوشتی بنەماڵەی ئێمە نییە."
 
بەگوتەی خوناو عوسمان، ئەوان لە بنەماڵەیەکی یەکێتین، بەڵام ناڵە پارتی بووە و هەموو کەسیش ئازادە، "ناڵە بە بیروبۆچوونی خۆی خەباتی لە نێو ریزەکانی پارتی دەکرد و زۆر بە دڵسۆزی کاری دەکرد."
 
دایکی ناڵە سووپەر گوتیشی، "یەکەمجاریش کە دەستگیرکرا، هیچ تۆمەتێک نەما بۆ ناڵە هەڵنەبەسترێت، لەکاتێکدا مانگی 12ـی 2022 یەکەم جار برایە دادگە، بە 10 خولەک حوکمی ساختەکاریی درایەپاڵ، گوایە ساڵانەی ساختەی بەکارهێناوە. باسی مادەی هۆشبەر دەکرا، باسی ئەوە دەکرا کچە مۆدێلە، ئەوانە هەمووی تەنیا قسەی سۆشیالمیدیا و هەڵبەستراو بوون، ناڵە بەرنامەی لەسەر ئەو مادە وزە بەخشانە هەبووە کە لە قوتابخانەکان فرۆشراون."