زانکۆی سەلاحەدین لەبارەی یەکپۆشی مامۆستایان رای خوێندکارانی وەردەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی سەلاحەدین فۆڕمێکی راپرسی بەسەر خوێندکاران دابەشکردووە و رایان وەردەگرێت لەبارەی یەکپۆشی مامۆستایان. هەروەها بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکەش دەڵێت، فۆڕمێکی دیکە دابەش دەکەن کە وردەکاریی زیاتری تێدایە لەبارەی رەنگ و شێوازی جلوبەرگەکانی خوێندکاران.
رۆژی شەممە 12-11-2022، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زانکۆکەیان هەوڵەکانی بۆ یەکپۆشی خوێندکاران بەسەر دوو قۆناخ دابەشکردبوو، قۆناخی یەکەمی بۆ راپرسیکردن بوو لەبارەی بڕیاری یەکپۆشی و ئەوەش تەواو بوو، ئێستا قۆناخی دووەمە و لە راپرسییەکی نوێ بە وردەکاریی زیاترەوە رای خوێندکاران لەبارەی یەکپۆشی وەردەگرێت.
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین، لە قۆناخی دووەم فۆڕمەکە زیاتر باس لەوە دەکات رەنگی جلوبەرگەکان چۆن بن. هاوکات رای خوێندکاران لەبارەی یەکپۆشی مامۆستایان وەردەگرێت بۆ ئەوەی بزانێت خوێندکاران تاچەند دەیانەوێت مامۆستایانیش یەکپۆش بن.
سامان عەبدوڵڵا گوتیشی، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بڕیاریداوە بودجەیەکی تایبەتیش بۆ ئەو خوێندکارانە دابین بکات کە توانای داراییان باش نییە و بۆ ئەوە لیژنەیەک پێکدەهێنرێت هەر خوێندکارێک بڵێت، باری داراییم باش نییە لیژنە لێکۆڵینەوەی بۆ دەکات و ئەگەر خوێندکارەکە پێویستی بوو هەموو هاوکارییەکی دارایی دەکرێت.
لەبارەی جلوبەرگ و رەنگی جلەکانی ئەو کەسانەی کە پەچە (نیقاب)ن، سامان عەبدوڵڵا گوتی: "ئەوان ئازاد کراون."
مانگی 8ی ئەمساڵ، زانکۆی سەلاحەدین راپرسییەکیان لەبارەی یەکپۆشی خوێندکاران راگەیاند و بەپێی ئەنجامەکانی راپرسییەکە 70.6%ی خوێندکاران بە یەکپۆشی رازی بوون و رێژەی 29.4%ی رازی نەبوون.
رۆژی شەممە 6-8-2022، د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند: "ئامانج ئەوەیە جیاوازیی کۆمەڵایەتی کەمبکەینەوە، چونکە هەستی قوتابییانی هەژار دەبینم، سەردانی بەشە ناوخۆییەکانم کردووە و قوتابی هەیە مانگی جارێک جلی خۆی نەگۆڕیوە، هەروەها ئەو سیستمە وادەکات خوێندکار زیاتر بیر لە خوێندنەکانیان بکەنەوە نەک جل و بەرگەکانیان."