چوار بازنە؛ '424 پڕۆژەی رێگەوبان لە سنووری سۆران کراون' و لایەنەکان تێبینیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
لە نوێترین بەرنامەی چوار بازنەی تۆڕی میدیایی رووداو، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە بەشداریی چەند هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان و بەربژێری چوار لایەنی سیاسی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، باس لە دۆخی ئەو دەڤەرە و پڕۆژەکانی کرا.
لە بەرنامەکەدا کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشی دەکات، هەریەک لە ئەحمەد محەممەد، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان؛ رێباز قانع ئاڵانەیی، بەربژێری بەرەی گەل؛ زوبێر باڵەک، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەحمەد سورچی، بەربژێری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەشدار بوون.
لە دەستپێکی بەرنامەکەدا زوبێر باڵەک، بەربژێر لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆچوونی خۆی لەسەر پڕۆژەکانی دەڤەرەکە خستەڕوو و گوتی، "لەم ساڵانەیی دواییدا لە رووی رێگەوبانەوە خزمەتی سۆران کرا، بەڵام ئەوە لە ئاستی قوربانیدان و تێکۆشانی خەڵکی ئەم دەڤەرە نەبووە، بەڵام بە نموونە رێگەی سۆران بۆ چۆمان، بە رێگەی مەرگ دادەنرێت."
ئەو بەربژێرەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە دەروازە و کارگەکاندا بەبێ پشتگیری حیزبی، گەنجان کرێکاریشیان دەستناکەوێت."
زوبێر باڵەک گوتیشی، "ئێمە رێڕەوی حوکمڕانی راستدەکەینەوە، ئێمەش بەقەد ئەندازەی خۆمان بەشداربووین لە هەڵەکان، بەڵام لە کابینەی داهاتوودا کێشەکانی ئەم دەڤەرە چارەسەر دەکەین."
هاوکات رێباز قانع ئاڵانەیی، بەربژێر لە لیستی بەرەی گەل گوتی، "شەقامەکانی هاتن و دەرچوون لە سۆران زۆر خراپ و قەرەباڵخن، ئەگەر کەسێک لەو رێگایانە تووشی رووداوێکی هاتووچۆ ببێت، تاوەکو دەگەیێندرێتە هەولێر رەنگە گیان لەدەست بدات."
رێباز قانع ئاڵانەیی گوتیشی، "ئێمە پێمان وایە دەبێت داهاتی دەروازە سنوورییەکان بە یەکسانی بەسەر خەڵکی ئەم دەڤەرە دابەش بکرێت، ئێمە پڕۆژەمان هەیە کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین و گەنجان بەبێ پشتگیریی حیزبی، کاریان دەستبکەوێت."
ئەحمەد سورچی، بەربژێری کۆمەڵی دادگەری کوردستان تیشکی زیاتری خستەسەر کەرتی رێگەوبان لە دەڤەرەکە و ئاماژەی بەوە دا، "شەقامی هامڵتۆن کە 97 ساڵە دروستکراوە، تاوەکو ئێستا تەواونەکراوە و هەمووی نەبووەتە جووتساید، لە هەموو عێراق دەڤەرێکی دیکەی ناوازەی وەکو سۆران نییە، نازانین بۆچی بەم شێوازە پشتگوێ خراوە؟."
ئەو بەربژێرەی کۆمەڵی دادگەری گوتیشی، "هەندێک لەو پڕۆژەی رێگەوبانانەی دەکرێن لەم دەڤەرە، دیارە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، چونکە زۆر بە ناڕێکی دەکرێن و حیسابی ئاوەڕۆ و کارەبا بۆ شەقامەکان ناکەن و بە پەلە قیڕیان دەکەن."
ئەحمەد محەممەد نوح، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانیش رایگەیاند، "یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکان دروستکردنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و جیاکردنەوەی لە هەولێر بوو، کە ئەمە کاریگەرییەکی باشی کردە سەر گەشەکردنی زیاتری دەڤەرەکە و ئاوەدانکردنەوەی."
سەبارەت بەو پرۆژانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا لە دەڤەرەکە کراون، ئەحمەد محەممەد نوح گوتی، "424 پڕۆژەی رێگەوبان لە سنووری سۆران کراون، بەشێکی زۆریان تەواوکراوە و بەشێکی دیکەی ماوە، لە کابینەی داهاتوودا کاری گەورەتر و زیاتریش دەکەین."
سەبارەت بە قسەکانی بەربژێرەکەی کۆمەڵ دەربارەی ئەوەی کە "بەشێک لە پڕۆژەکان وەکو بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێندرێن"، ئەو بەربژێرەی پارتی لە وەڵامدا گوتی، "پڕۆژە و بەرنامەی پارتی ئەوەیە؛ خزمەتی زیاتری ئەم دەڤەرە بکەین، رێگەی دەروازەی زێتیش تەواودەکەین، هیچ پڕۆژەیەکیشمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و ماوەی سێ ساڵە دەست بە زۆر لە پڕۆژەکان کراوە."