پێدانی تراکتۆر بە جووتیاران بە قیستی درێژخایەن دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاردرا لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هاوردەکردنی پێداویستی و کەلوپەلی کشتوکاڵی بکرێت و بە قیستی درێژخایەن بگەیێندرێتە دەستی جووتیاران. ئەمڕۆش دوو جووتیار مامەڵەکانیان تەواو کرد و دوو تراکتۆریان بە قیستی درێژخایەن پێدرا.
رۆژی پێنجشەممە 12-10-2023 بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران داواکارییەکی پەسندکردن کە لە دوو بڕگەی "گرنگ" پێکهاتبوو ئەوانیش: لێخۆشبوونی گومرگی بۆ پێداویستی و کەلوپەلی کشتوکاڵی و ئەو بابەتانەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم ناهێندرێن، هەروەها چۆنێتی هاوردەکردنی ئامێری پێشکەوتوو بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیایانە بکات کە کەلوپەل و پێداویستیی کشتوکاڵی هاوردە دەکەن و تابلۆی بێ بەرامبەریش دەدرێتە ئامێرە کشتوکاڵییەکان، بۆئەوەی دواتر نرخی زیادی لەسەر دانەنرێت و هاندانێکیش بێت بۆ جووتیارانمان، کە دەتوانن بە شێوەی قیستی درێژخایەن ئامێرەکانیان دەستبکەوێت."
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش باسی لەوە کرد، بۆ ئەو هەنگاوەیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و دارایی لیژنەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە و دەشڵێت، "لەنێو خودی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران میکانیزمەکان ئاماژەی پێکراوە، کە بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی کۆمپانیاکانی هاروون گرووپ و بانکی جیهان بە قیستی درێژخایەن ئامێرە پێشکەوتووەکان بگەیەندرێتە دەستی جووتیاران."
بێگەرد تاڵەبانیش گوتیشی، "ئەمڕۆ دەستپێکی ئەم قۆناخەیە، دوو جووتیار توانییان مامەڵەکانیان تەواو بکەن بۆ وەرگرتنی ئامێرەکانیان بە قیستی درێژخایەن و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، جووتیاران ئاگاداری هەنگاوەکەن، نزیکەی 100 جووتیار ناویان لە بانکە و داوای ئامێری کشتوکاڵییان کردووە.