بەرهەمی ترێی دهۆک 20٪ زیادی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەبەشداریی 41  جووتیارى سنوورى پارێزگاى دهۆک حەڤدەیەمین فێستیڤاڵى ترێ و هەنگوین لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەچوو، بەشێک لە جووتیارانی بەشداربوو لە فێستیڤاڵەکە داوادەکەن حکومەتى هەرێمی کوردستان هاوکاری جووتیاران بکات و هەوڵبدات بەرهەمەکانیان بە بازاڕ بکات. بەڕێوەبەرى باخدارى دهۆکیش دەڵێت: "هەوڵى جدى دەدەین بازاڕ بۆ بەرهەمى جووتیارانى دهۆک بدۆزینەوە."
 
ئەڵقەی ئەمجارەی پۆدکاستى بەکاتى دهۆک تایبەت بوو بە زیادبوونی بەرهەمی خۆماڵیی ترێ و هەنگوین و نەبوونی بازاڕ بۆ ساخکردنەوەی ئەو بەرهەمانە، محەممەد سەلیم بەربهارى یەکێک لە جووتیارە نموونەییەکانی دهۆکە و دەڵێت: "لە حەفتایەکانی سەدەی رابردوو بەرهەمى ترێی دهۆک رەوانەیى بەغدا و شارەکانى دیکەی باشوورى عێراق دەکرا، ئەوکات تەنیا دوو جۆری ترێ لە دهۆک هەبوون، دوای راپەڕین دەیان جۆری دیکەی ترێ پەیدابووە و ئێستا بەرهەمی ترێ زۆر بووە، شەش جۆری ترێ هەن، کە بۆ کەشوهەوای دهۆک گونجاون و ساڵانە بەرهەمێکی زۆریان هەیە".
 
دەربارەى گرنگى کردنەوەى پێشانگەى ترێ کە 17 ساڵە لە دهۆک دەکرێتەوە، محەممەد سەلیم دەڵێت: "17 ساڵە من بەشداردەبم، سوودى زۆر وەردەگرم، داوا دەکەین جگە لە دهۆک فێستیڤاڵى ترێی دهۆک لە شارەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان و عێراقیش بکرێتەوە بۆ ئەوەى خەڵک زیاتر ئاشناى بەرهەمى ترێی دهۆک ببن." 
 
ئەو جووتیارەی دهۆک گوتیشی: "ئەم ساڵ یەک کیلۆی ترێی دهۆک بە هەزار دینار دەدەینە بازاڕەکان، هەر دوو رۆژ جارێک نیو تۆن ترێ دەفرۆشین، هەر چەندە نرخەکە باشترە لە ساڵانى رابردوو، بەڵام هیچ خێزانێک ناتوانێت هەموو ژیانى لەسەر بەرهەمى ترێ بێت، چونکە هێشتا حکومەت بە تەواوى گرنگى بە بەرهەمى ترێ نەداوە، دەبێت جیاوازی لە نێوان خاوەن باخەکان و ئەوانەى بۆ ئارەزووی زۆیان بەرهەمى ترێ دەچێنن بکرێت، ئێستا حکومەت بیر و کارەبایى 24 کاژێرى داوەتە ئەو کەسانەی باخ ( مەزرەعەیان) هەیە و جووتیارەکانیش کارەبایان نییە، بۆیە دەبێت دەرمانى باشتر و کارەبایى 24 کاژێرى بدرێتە جووتیاران و هەوڵبدرێت کارگەى شەربەتی ترێ و مێوژ دروستبکرێن تاوەکو بازاڕى باشتر بۆ بەرهەمى خۆماڵی هەبێت."
 
بەپێی ئامارى بەڕێوەبەرایەتی باخدارى دهۆک 20 هەزار و 118 دۆنم زەوی لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆى زاخۆ مێوی تێدا چێندراوە و ترێی لێ بەرهەم دێت. د. ئەمجەد عوبەید، بەڕێوەبەرى باخدارى دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 100 جۆرى ترێ لە دهۆک بەرهەم دێت، ساڵى رابردوو 48 هەزار تۆن بەرهەمى ترێی لە دهۆک هەبووە، ئەم ساڵ نزیکەى 60 تۆن بەرهەممان دەبێت، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 20٪ زیادبووە." 
 
لەبارەی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمى ترێ، بەڕێوەبەرى باخدارى دهۆک دەڵێت: "هەموو هەوڵێک دەدەین کە بەرهەمى ترێی دهۆک بازاڕى هەبێت، ساڵى رابردوو چەند هەوڵێک هەبوون بو رەوانەکردنى ترێ بۆ دەرەوەى وڵات، ئەم ساڵیش هەر بەردەوامین و هەموو هەولێکمان بۆ ئەوەیە کە بەرهەمى ترێی دهۆک بۆدەرەوەى وڵات هەناردە بکەین و بازاڕى باشتری بۆ بدۆزینەوە."
 
جگە لە بەرهەمى ترێ بەرهەمى هەنگوینیش یەکێکە لەو بەرهەمە خۆماڵیانەی ساڵانە بڕێکی زۆر بەرهەمی هەیە، عەبدولغەفار محەممەد. سەرۆکى کۆمەڵەی هەنگەوانانى کوردستان لقى دهۆک لەکاتی بەشداریکردن لە پۆدکاستەکەدا گوتی: "نزیکەیى سێ هەزار و 500 هەنگەوان لە سنوورى دهۆک هەن، ساڵى رابردوو بەرهەمى هەنگوینى دهۆک 125 تۆن بوو، ئەم ساڵ پێشبینى دەکەین نزیکەى 100 تۆن بەرهەمیان هەبێت."
 
سەبارەیت بە هەناردەکردنی بەرهەمى هەنگوینى هەنگەوانانى دهۆک بۆ دەرەوەی وڵات، سەرۆکى کۆمەڵەی هەنگەوانانى کوردستان لقى دهۆک دەڵێت: "بەرهەمى هەنگوین لە دهۆک زیاترە لە خواستى هاووڵاتیان، ساڵى رابردوو نزیکەى دوو تۆن رەوانەى وڵاتى قەتەر و چەند وڵاتێکی دیکە کرا، ئەم ساڵ نرخەکان باش نین، هەر کلیلۆیەک هەنگوین لەنێوان 40 بۆ 60 هەزار دینارە، لەبەر ئەوە داوادەکەین حکومەت هاوکارمان بێت بۆئەوەی بازاڕی باشتر بۆ هەنگوین بدۆزینەوە و بەشێکی ئەو هەنگوینە هەناردەی دەرەوە بکەین، بۆ ئەوەی خاوەن هەنگەکان زیان نەکەن."