زانکۆلاین بۆ 48 کاژێری داهاتوو درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و تووێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زانکۆلاین 48 کاژێری دیکە درێژکرایەوە واتا تاوەکو 12ـی شەوى رۆژى پێنجشەممە 14-09-2023 بۆ دەرچووانى قۆناخى 12 ئاماەیی درێژدەکرێتەوە.
رۆژی سێشەممە 12-09-2023 وەزارەتی خوێندنی باڵا و وتووێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى 12 ئامادەیى بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین)ـیان پڕنەکردووەتەوە یان تەواویان نەکردووە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین 48 کاژێری دیکە واتە تا کاژێر 12ـی شەوى رۆژى پێنجشەمە 14ـی ئەیلوول بۆ دەرچووانى قۆناخى 12ـی ئامادەیی درێژبکرێتەوە."
وەزارەتى خوێندنى باڵا دەڵێت، دەرچووانی 12ـی ئامادەیی دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە و فۆڕمى زانکۆلاین تەواوبکەن، هەروەها دەرچووانى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانیش بەهەمان شێوە دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوو فۆڕمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە.
لەبارەی دەرچووانی ساڵانی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکرد، "دەرچووانی ساڵانی رابردوو و بەتایبەت دەرچووانەی پێش ساڵی 2014 کە ژمارەیان 719 دەرچووە و ناوی خۆیان لە وەزارەتی پەروەردە تۆمارکردووە و داتاکانیان ئەپلۆدی زانکۆلاین کراوە بەمەبەستی پێشکێش کردنییان بۆ خوێندنی ئێواران، بەهەمان شێوە دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەماوەى 48 کاژێری داهاتوو فۆڕمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا بێت، "ئەمە دوایین دەرفەتە و چیتر ماوەى زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچووانى قۆناخى 12ـی ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆڕمى زانکۆلاین یان پڕنەکردووەتەوە، پێویستە لەماوەى ئەو 48 کاژێرەدا پەلەبکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ پڕکردنەوە و تەواوکردنى فۆڕمى زانکۆلاین."