بایکۆتی کارمەند و پزیشکانی خوولاو لە گەرمیان کێشەی بۆ نەخۆش دروستکردووە

 
رووداو - گەرمیان

حاجی شێرکۆ حەمەئەمین، تەمەنی 63 ساڵە، لە شەوی رابردووەوە نەخۆشە، بەهۆی ئازار لە سک و دڵی چووە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بەڵام هەر زوو لە دەرگەی نەخۆشخانەکە گەڕاوەتەوە، پۆلیسەکان پێیان گوتووە، "پزیشکەکان نایەنە دەوام."
 
حاجی شێرکۆ حەمەئەمین بە رووداوی گوت، "نەخۆش بووم و نەخۆشخانەکە دەڵێن: پزیشکی تێدا نەماوە. ئەم میلـلەتە بەبێ پزیشک ناژی، هەموو گیانی مرۆڤ پزیشکە، داوا دەکەین لەو بەرپرسانە هەموو هەوڵێک بدەن، پزیشک لە هەموو شتێک گرنگترە."
 
چەند رۆژێکە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بایکۆتی دەوامیان کردووە.
 
پێشتر رۆژانە نزیکەی 200 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژاریان لە کەلار دەکرد و پزیشکانی نیشتەجێی خولاو پشکنینی بۆیان دەکرد و چارەسەری پێدەدان، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنیان نەچوونەتە دەوام.
 
منداڵێک لەدوای سێ کاژێر لە لەدایکبوونی براوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، تەنها ئۆکسجینی بۆ دانراوە و پێیان گوتووە، "بیبە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت."
 
پەروین محەممەد، ئامۆژنی منداڵەکەیە و دەڵێت، "هەر کارمەند لێرە بوو و پزیشکی گەورەی لێنەبوو. گوتیان: مانیان گرتووە، پزیشک نایەت یەک دوو کاژێر لێرە بێت؛ بیبەن بۆ نەخۆشخانەی تایبەت، هیچ پزیشک نایەت."
 
لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، تەنیا کەیسی رووداوی هاتووچۆ و کەیسە گەرمەکان دەبیندرێن.
 
محەممەد سەمەد، کارمەندێکە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار و دەڵێت، "مانمان گرتووە، بەڵام هەوڵدەدەین حاڵەتە گەرمەکان وەکو چەقۆ و فیشەک و رووداوی هاتووچۆ وەکو کارێکی مرۆڤانە بەڕێیان بکەین، بۆئەوەی کەس گیان لەدەست نەدات، بەڵام حاڵەتە ساردەکان نابینین و چارەسەریان بۆ ناکەین."
 
کارمەند و پزیشکانی خولاوی هەموو دامەزراوە تەندروستییەکانی گەرمیان، بایکۆتی دەوامیان کردووە، ئێستا تەنیا نەخۆشخانەی فریاکەوتن، ژووری نەشتەرگەری، سەنتەری گورچیلە، نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوون کراوەن.