لە دوو رووداوی جیادا لە رۆژهەڵاتی کوردستان 3 کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ  

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسیش بریندار بوون. هەروەها لە رووداوێکی کەوتنەخوارەوەی ئاسانسواردا لە هەمان پارێزگا کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسیش بریندار بوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2023، مەسعود قەلعەسفیدی، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتن و رووبەڕووبوونەوەی قەیران لە زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە رێگەی جانبازانی شاری کرماشان رووداوێکی سەختی هاتووچۆ روویدا؛ لە رووداوەکەدا ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت پێکیاندادا و لە ئەنجامدا 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 5 کەسیش بریندار بوون.
 
مەسعود قەلعەسفیدی گوتی، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رووداەکە، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتنیان ناردە شوێنەکە و بریندارەکانیان گواستەوە نەخۆشخانەی تالقانی کرماشان.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، محەممەد حەیدەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی کرماشان رایگەیاند، لە لێکۆڵێنەوەکانیاندا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە شۆفێری بارهەڵگرەکە چووەتە سایدی بەرامبەر و بووەتە هۆکاری رووداوەکە و خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیژۆ 205 و ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە جۆری پێکاندا کێشاوە؛ لە ئەنجامی رووداوەکەش شۆفێرانی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
 
لە کرماشان لە رووداوێکی دیکەدا بەرزکەرەوەی ئاسانسوارێکدا لە ناوەندی شار کە چوار کەس لەنێویدا بوون، کەوتەوە خوارەوە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و 3 کەسیش بە سەختی بریندار بوون.
 
عەلیرەزا دلێری، فەرماندەی پۆلیسی کرماشان لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە رایگەیاند، لەبەر قرتانی کێبڵی راگرتنی ئاسانسوارەکە لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەکە بووە.