ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە گشتپرسی لە سنووری پارێزگاکە رەتکردەوە

رووداو - دیالە

26 ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەی پارێزگایی دیالە كۆبوونەوە و دەنگدانیان بۆ گشتپرسی لە سنووری پارێزگاکە رەتکردەوە.  ئەندامێكی كوردی پارێزگای دیالەش دەڵێت، لەژێر فشاردا ئەوەیان پێکراوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایگەیاند "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بڕیاری رەتکردنەوەی ئەنجامدانی هەر گشتپرسییەکی دا لە سنووری ئیداری پارێزگای دیالە و نابێت پارێزگاکە دووچاری ناکۆکی و ململانێ بکرێت، بە تایبەتی ماوەیەکی کەمە لە دەست رێکخراوی داعشی تیرۆریست رزگارمان بووە، ئێستا رووبەڕووی فیتەنەکی دیکە ببینەوە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە راشیگەیاند "خۆپیشاندان لە قەزا و شارۆچکەکان بۆ رەتکردنەوەی گشتپرسی کراون و بڕیارە خۆپیشاندانی دیکەش ئەنجام بدرێن ، بۆیە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بڕیاری رەتکردنەوەی ئەنجامدانی گشتپرسی لە سنووری ئیداری پارێزگای دیالەی دا".

کۆبوونەوەکە بە هاوبەشی لیستی عێراقییە و هاوپەیمانی نیشتمانی بووە کە خاوەنی 26 کوردسی ئەنجوومەنەکەن لە کۆی 29 کورسی، ئەندامە کوردەکانیش کە کۆبوونەوەکەیان بایکۆت کردووە، دەڵێن لەژێر فشاردا ئەو بڕیارەیان پێدەرکراوە.

ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت قەزا و شارۆچکە کوردستانییەکانی سەر بە پارێزگای دیالە بڕیاریاندا بەشداری گستپرسی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی بکەن.


هۆشیار ئسماعیل، ئەندامی ئەنجومونی پارێزگای دیالە لەلیستی هاوپەیمانی برایەتی و پێكەوەژیانی كوردستانی بە رووداوی گوت ”بەپێی یاسا، ئەنجوومەنی شارۆچکەکان سەربەخۆن و خۆیان دەتوانن دەنگ لە سەر چارەنووسیان بدەن نەك ئەنجوومەنی پارێزگا لەبریان دەنگ بدات".

هۆشیار ئیسماعیل جەستیکردەوە "ئێمە سێ ئەندامی ئەنجوومەن بەشداری كۆبونەووەكەمان نەكردووە و ناشیكەین، ئەوان دەنگ بدەن یان لە ناوچە کوردستانییەکان گستپرسی دەکرێت"؟

لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) خاوەنی 13 ئەندامە، لیستی عێراقییە (سوننە) 13 ئەندامی هەیە، کوردیش لە چوارچێوەی لیستی برایەتی و پێكەوەژیانی كوردستانی سێ ئەندامی هەیە.

پارێزگای دیالە

- دەکەوێتە رۆژهەڵاتی بەغدا، هاوسنوورە لەگەڵ سلێمانی،  سەلاحەددین، بەغدا، واست و وڵاتی  ئێران.

- دانیشتووانەکەی زیاتر لە 1 ملیۆن و 500 هەزار کەسە.

- بەعقوبە سەنتەری پارێزگاکەیە

- لە شەش قەزا و 14 شارۆچکە پێکدێت

قەزاکان بریتین لە: بەعقوبە، خالس، بەلەدروز، شارەبان، خانەقین و کفری

دیارترین ناوچە کوردییەکان: قەزای خانەقین: شارۆچکەکانی گوڵاڵە، سەعدییە، قەرەتەپە و
قەزای کفری.

داڕشتنەوە: حەکیم داود