چیرۆکی تراژیدیی گەنجێکی بێ ناسنامە؛ 'منداڵیشمان ببێت، نازانم چۆن تۆماری بکەم'
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد بێکەس لە ساڵی 2016 بە رووداوی گوت "نە دەزانم دایکم کێیە، نە دەزانم باوکم کێیە، نە دەزانم خوشک و برام کێن، پێشم خۆشبوو رۆژێک پێیان بگەمەوە." بەڵام دوای 8 ساڵ لە هەمان دۆخ دایە و بگرە خراپتریش بووە.
ئەوەی ئێستا لە چیرۆکەکەی محەممەد جیاوازە ئەوەیە؛ هاتووەتە هەولێر و خێزاندارە. محەممەد بێکەس ناوی ئەو گەنجەیە کە تەنانەت نازانێ تەمەنیشی بەتەواوی چەندە، ئەو وای دەخەمڵێنێ سەرووی 40 ساڵ بێت، نازانێت منداڵی کێیە، لە کوێ و چۆن لەدایکبووە.
محەممەد بێکەس بە رووداوی گوت "ئەگەر بمەوێت شتێک بە ناوی خۆم بکەم، هیچم بە ناو ناکرێت. بوتڵە غازێک کە لێرە پڕدەکرێتەوە، من وەک هاووڵاتیێکی مەدەنی ناتوانم پڕیبکەمەوە، حسابی لقە دارێکم بۆ دەکرێت لەو وڵاتە و، هیچ بایەخێکم پێنادرێت."
ئەو بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەیەک زۆر هەوڵدەدات. وەک خۆی دەڵێ هەژماری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بەناوی محەممەد بێکەس داناوە، بەڵام "یەک، دوو کەس گوتیان 'کاکە ئەو ناوە بگۆڕە و گوناحە، خوا کەسی بێکەسانە.' بۆیە گۆڕیم بە محەممەد عەبدوڵڵا و، ئێستا هەر پێمدەڵێن محەممەد عەبدوڵڵا."
محەممەد لەم دەرگا بۆ ئەو دەرگای گوندەکانی پشدەر و دۆڵی شاورێ گەورە بووە. ئەو، ئێستا بێهیوا بووە کە سۆراخێکی لە کەسوکاری دەستکەوێ بۆیە، تەنیا هەوڵی دەرهێنانی ناسنامەیەکە.
محەممەد بێکەس ترسی ئەوەی هەیە ئەگەر هاوژینەکەی منداڵی بوو، لە کوێ و چۆن تۆماری بکات، دەڵێ "لە کام نەخۆشخانەی لەدایکبوون تۆماری بکەم! ئێ نابێت شتێکی هەبێت، کە کەسوکاری کێیە! ئەگەر بڵێن وەڵا کوڕی محەممەد بێکەسییە، ئەی محەممەد بێکەس کوا ناسنامەکەی؟''
لە ساڵی 2022 محەممەد لە دادگەی پشدەر داوای وەرگرتنی ناسنامەی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەدوای کەیسەکەیدا نەچووە و نەیتوانیوە هاتووچۆ بکات، کەیسەکەی نەچووەتە پێشەوە.
حەسەن پیرداود مەڕدارە و خەڵکی حاجیاوەیە، ئێستا بۆ کوێستان چووەتە باڵەکایەتی. محەممەد بێکەس نزیکەی 5 ساڵی تەمەنی منداڵی لای حەسەن شوان بووە.
حەسەن بە رووداوی گوت "محەممەد لە منداڵییەوە کەوتووەتە ماڵی شێخ عەوڵا، شێخ عەوڵای بەستێ کە کوڕی کاکەمینە. بە بچوکی لەوێ گەورە بووە، دواتر کە هەستیپێکردووە دایک و باوکی نین و خەڵک پێیان گوتووە 'ئەوانە دایک و باوکت نین.' هەوڵی دۆزینەوەی دایک و باوکی داوە؛ لەلای منیش هەوڵی زۆری دەدا، دەیگوت من هیچم بۆ ناکرێت."
سەرباری دۆخی خراپی داراییان، هاوژینەکەی محەممەدیش نەخۆشیی گورگەسوورە (SLE)ـی هەیە، کە تێكچوونی كۆئەندامی بەرگریەتی.
محەممەد لەبارەی کارەکەشییەوە دەڵێ "بەو کیایە رادەوەستم تاوەکو ئێوارە بۆ 250 دینار خێر، یەک دینارم دەستناکەوێت. یانی یەک کەس نییە ئەوە 20 بۆ 30 رۆژ دەبێت کارێکم دەستنەکەوتووە، کەس نییە باریشم پێ باربکات، بە هەرکەس دەڵێم پێمدەڵێ 'کاکە ئۆتۆمبێلی خۆمم هەیە' یان 'تۆ ناسنامەت نییە و ئیشت پێنادەین.' لەوماوەیە بارێکم بردووە بۆ قەڵادزێ و هاتوومەوە لە بازگە رایانگرتووم و نەیانهێشتووە نە بە شەو و نە بە رۆژ، بێمەوە، بۆیە بێچارە بووم، چوومە سنووری حاجی ئۆمەران ئینجا گەڕامەوە هەولێر."
محەممەد و هاوژینەکەی لە دۆخێکی ئابووریی خراپدان. لەنێو خانووێک دەمێننەوە، کە بنمیچەکەی نایلۆنە و لەبەر مشک و دووپشک، شەو تاوەکو بەیانی گەرەنتیی رۆحی خۆیان نییە.