رێکلامێکی ئەدیداس و ئارسیناڵ نانی کوردی وەک هێمای رەسەنایەتی دادەنێت
رووداو دیجیتاڵ
لە رێکلامێکی یانەی تۆپی پێی ئارسیناڵی ئینگلیزی و ئەدیداسی سپۆنسەریدا، وەک هێمای رەسەنایەتیی باس لە نانی کوردی دەکرێت.
رێکلامەکە درێسی سێیەمی ئارسیناڵ پێشاندەدات کە نەخشەکەی تێکەڵەیەکی لە رەنگی شینی کاڵ و ئەرخەوانی؛ باس لەوە دەکات کە درێسەکە رەسەنایەتیی یاریزان، کولتوور و هاندەرانی یانەکە پێشاندەدات.
رێکلامەکە دەڵێت: "نەریتی پێش یاریکردنمان، بە تەواوی نەریتێکی بەریتانی نییە،" دوای ئەوە چەند خواردن و چالاکی رەسەنی کولتوور و وڵاتی جیا پێشاندەدات، یەکەمینیان نانی تەنووریی کوردییە.
رێکلامەکە دەڵێت: "ئێمە نانیشمان هەیە" و، وێنەی رێستۆرانتێکی کوردی لە باکووری لەندەن پێشاندەدات کە نانی تەنوور و خواردنی دیکەی کوردی دەفرۆشن.
رێستورانتەکە بە ناوی (بابان نان)ـەوەیە و کولێرەی ئاردی گەنم، جۆ و کولێرەی بە کونجی هەروەها کەبابی کوردی، فەلافل و کفتەش دەفرۆشێت.
خواردنگەکە بە رووداوی گوت، ئاگاداری رێکلامەکە نەبوون.
بەرهەمەکانی خواردنگەکە کە ژمارەیەک هاونیشتمانیی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەی دەبەن، لە تەواوی بەریتانیا بەنێوبانگن و بوونەتە مانشێتی زۆر لەو راپۆرتانەی لەسەر خواردن لە میدیا و چاپەمەنیی بەریتانیادا بڵاوکراونەتەوە.
لە باسی کولێرەکانی خواردنگە کوردییەکەدا، ئێد کەمینگ، نووسەری پێشووی پێگەی ئیندیپێندنتی بەریتانی لە راپۆرتێکی ساڵی 2020ـدا دەڵێت: "کە ئەم نانە گەرم، سووک، جیڕ و بەتامە لەسەر مێز بێت، کە هێشتا هەڵمی تەنوورەکەی بابانی لێ بەرزدەبێتەوە، کەس بەلایەوە گرنگ نییە چاوەڕێی خواردنێکی دیکە بکات. دەتوانی پاستەیەک لە دووکانێک بکڕی، گەرمیبکەیەوە و لەگەڵی بخۆی، هێشتاش سوپاسگوزار دەبیت."
هەروەها پێگەی تۆپ کووڤی کە تایبەتە بە ناساندنی خواردنگەکان دەڵێت، "بابان نان تەنوورێکە بە دیوارێکەوەیە، تامی راستەقینەی کوردانەی هێناوەتە باکووری لەندەن."