ئاگر لە کەمپی کەبەرتوو بووە هۆی سووتانی چوار خێوەتی ئاوارەکان

رووداو دیجیتاڵ 

لە کەمپی کەبەرتووی سنووری قەزای سێمێل، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا چوار خێوەتی ئاوارەکانی شنگال بەتەواوی سووتان.
 
سالم عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری جێبەجکار لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە دهۆک، ئەمڕۆ (شەممە، 12-8-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کەمێک پێش ئێستا ئەو ئاگرە کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە، زیان بە چوار خێوەتی ئاوارەکان کەوت."
 
لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادی بە چوار خێزان کەوتووە، سالم عەبدوڵڵا دەڵێ "هەر ئەمڕۆ تاوەکو بەیانی، هەم خێوەت و هەم کەلوپەلی نێو ماڵیان بۆ دابین دەکەینەوە."
 
هێشتا روون نییە، هۆکاری ئەو ئاگرە چی بووە.
 
لە هەمان کەمپ رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئاگرێکی دیکە بووە هۆی سووتانی پێنج خێوەت، بەگوتەی سالم عەبدوڵڵا "بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک، هۆکارەکەی شۆرتی کارەبا بووە."