حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان: 14ی تەممووز دوایین کاروانی حاجییان دەگەڕێنەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ 144 حاجی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگەڕێنەوە و رۆژی هەینی، 14ـی تەممووزیش دوایین کاروانی حاجییان دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان. 

رۆژی چوارشەممە، 12-07-2023، شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو 144 حاجییەی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە 96ـیان دانیشتووی پارێزگای دهۆک و 48ـەکەی دیکەیان دانیشتووی نەینەوان. 
 
بە گوتەی نیاز نەقشبەندی، پێنجشەممە، 13ـی تەممووزی 2023 دوو کاروانی حاجییان دەگەڕێنەوە و دەڵێت، کاژێر 10:00ـی شەو 340 حاجی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان؛ کاژێر 4:10ـی بەیانیش 334 حاجی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە دەگەڕێنەوە. 
 
رۆژی 14ـی تەممووز دوایین کاروانی حاجییان کە سێ کاروانن دەگەڕێنەوە. نیاز نەقشبەندی دەڵێت، "کاژێر 10:30ـی بەیانی 251 حاجی لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر دەگەڕێنەوە؛ کاژێر 6:50 بەیانی 146 حاجی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە دەگەڕێنەوە، لە هەمان فڕۆکەخانەوە کاژێر 6:00ـی ئێوارە 346 حاجی دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان". 
 
ئەمساڵ 4,685 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 690ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون. بۆ ئەمساڵ، تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی بە 4,500 و بە وشکانیش بە 3,800 دۆلار دیاریکرابوو.
 
یەکەم گەشتی هاونیشتمانییان بۆ سعودیە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج 9ی حوزەیران بە رێگەی وشکانی دەستیپێکرد؛ گەشتی ئاسمانییش لە 12ی حوزەیران لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستیپێکرد.