26 گوندی سیدەکان کێشەی کەمئاوییان هەیە؛ 20 گوندیان سەرچاوەکانی ئاویان وشکبوون
رووداو - سیدەکان
لە کۆی 26 گوندی سنووری سیدەکان کە کێشەی کەمئاوییان هەیە، 20 گوندیان سەرچاوەکانی ئاویان وشکبووە. یەکێک لەو گوندانە بەناوی "شیوان" تەواوی سەرچاوە ئاوییەکانی وشک بوون و بەشێک لە خەڵکیش بەو هۆیەوە کۆچ دەکەن.
سەلام حوسێن، موختاری گوندی شیوان دەڵێت، "سێ بۆ چوار کانیاومان هەبوون، هەموویان وشک بوون، وای لێهاتووە کەس لە بێ ئاویدا نەتوانێت بژی، خەڵک کۆچ دەکەن بەرەو شارەکان و ژیان نامێنێت بەڕاستی."
کێشەی کەمئاوی لە 26 گوندی سنووری سیدەکان هەیە؛ ئەو کانی و سەرچاوانەی رووبارێک ئاویان لەبەر دەڕۆیشت، ئێستا وشک و بێ ئاون.
سێ ساڵە دانیشتووانی ئەو گوندانە لە چاوەڕوانیی چارەسەرکردنی کێشەکەدان. عەبدولخالق ساڵح، هاونیشتمانی ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر ئاو نەبێت، چی بکەین؟ دەبێت بڕۆین. ئەوەندەی لەبیرمە، نەمبینیوە هێندەی ئەمساڵ و پار ساڵ ئاو کەم بووبێت."
پەیوەند فەرحان، هاونیشتیمانی گوتی، "لێرە خەڵک داروبار لەپێش دەرگای هەیە و ماڵەکان گەورەترن یان سەوزایی لەبەردەم ماڵەکان هەیە و ئاوێکی زیاتریان پێویستە." هاونیشتمانییەکی دیکەش بەناوی سەفیەت قەسیم دەڵێت، "تانکیی ئاو دێت، تانکەریش هەر تانکییەک یان دوو تانکی ئاومان پێدەدات، ئەوەندە ئاوەش بەشمان ناکات، هاوینان هەموو کات سەرشوشتنە."
لەو 26 گوندەی کێشەی ئاویان هەیە، 20 گوندیان هۆکارەکەی وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکانە و شەش گوندەکەی دیکەش سەرچاوە ئاوییەکانیان لەو بەرزاییانەن کە سوپای تورکیا سەربازگەی لێ داناون و بەشێکی ئاوەکە بۆ خۆیان بەکاردەهێنن.
قارەمان شێخۆ، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەکان دەڵێت، "26 گوندن کە ساڵانە تووشی کەمیی ئاو دەبن، حکومەت چارەسەرێکی سەرەتایی دۆزیوەتەوە و بە تانکەر ئاو بۆ ئەو گوندانە دابین دەکات، یەک لەو گوندانەی کە زۆر گرفتی ئاویان بۆ دروست بووە، گوندی بەرمیزەیە، کە نیوەی ئاوی گوندەکە سوپای تورکیا بەکاریدەهێنێت بۆ خۆیان."
لە سنوری قەزای سیدەکان 147 گوند هەن، سەرچاوەی ئاوی زۆربەی گوندەکان کانیاو و رووبارەکانن؛ ئەو گوندانەی سەرچاوە ئاوییەکانیشیان وشک نەبوون؛ تۆڕی ئاو و کۆگاکانیان پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە.