لە ئامەد شەش سیاسەتڤانی کورد بە تۆمەتی "ئەندامێتیی پەکەکە" خرانە زیندانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری دادگەی ئامەد شەش سیاسەتڤانی کورد بە "تۆمەت"ـی ئەندامێتی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە خرانە زیندانەوە.
ئەو شەش سیاسەتڤانە رۆژی 8ـی حوزەیران لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەرکرابوون و دوای وەرگرتنی گوتەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، رۆژی سێشەممە 11ـی حوزەیران رەوانەی دادگە کران.
ئەحمەد کایا، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی ئەرخەنی و هاوسەرۆکی پارتی مرۆڤ و ئازادی، گوڵستان پۆلات جێگری پێشووی سەرۆکی شارەوانی ئەرخەنی، ئەسڤەری ماڵکۆچ، جاڤیدان یامان، رەمەزان کارتاڵمیش و فەسیح یاڵچین بەهۆی بەشداریی لە چالاکییەکان و لێدوانەکانیان لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 بە تۆمەتی "ئەندامێتی پەکەکە" دەستبەسەر کرابوون.
دادگەی ئامەد بەو تۆمەتە سزای زیندانیکردنی بۆ دەرکردن و دوای دەرچوونی بڕیارەکە رەوانەی زیندان کران.
بەگوێرەی بانگەشەی دادگە، ئەو سیاسەتڤانانە "لەسەر داوای پەکەکە چالاکیان کردووە و لێدوانیان بۆ میدیاکان داوە".
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە تۆمەتی پەکەکەبوون، هاووڵاتیانی مەدەنی و چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن.