کۆدی دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان گەڕایەوە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، کۆدی دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان گەیشتە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و بەمزووانە کۆدی یەکەمەکانیش دەگات. 
 
رۆژی دووشەممە 12-06-2023، بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆدی دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان، ئەوانەی دەرچووی زانکۆکاکانی هەرێمی کوردستانن و دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن نێردراوەتەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان.
 
کۆدی دامەزراندنی یەکەمەکانیش، بەگوتەی بەختیار حاجی حەمەد، هیچ کێشەیەکی نییە و بەمزووانە لە بەغداوە تەواو دەکرێت و دەنێردرێت.
 
ئەو بەرپرسەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا داوا دەکات کەس بۆ ئەو بابەتە سەردانی بەغدا نەکات و ئەوان سەرجەم رێکارەکان تەواو دەکەن و کۆدی دامەزراندنی یەکەمەکانیش بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستنا دەنێرن.