شاخەوان عەبدوڵڵا: برگەی زیادکردنی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە دەنگی پێویستی هێناوە


رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا پێشنیازی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە و دەنگی پێویستی هێناوە بۆ ئەوەی جێگیر بکرێت. راستە سەرۆکی پەرلەمان گوتی، دەنگی نەهێناوە، بەڵام من لەسەر ستەیج بووم و دەزانم دەنگی پێویستی هێناوە؛ بۆیە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەین."
 
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 12-06-2023 پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025ـی پەسندکرد. رۆژی دووشەممە 12-06-2023 شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی پێمان کرا لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق جێگەمان کردەوە و جێگیر کرا، تەنیا بابەتی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مایەوە، ئەویش لە کۆبوونەوەی ماڵی د. فوئاد حوسێن پێشنیازێکمان لەو بارەوە خستەڕوو."
 
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ئەوەی بابەتی پاشەکەوتی مووچە موزایەدەی سیاسی نەبێت، پێشنیازیان کردووە پارەی زیادەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە تەرخان بکرێت و دەڵێت، "زیادەی نەوتی هەر پارێزگایەک بۆ بابەتێک تەرخانکراوە. لە هەرێمی کوردستانیش ئێستا سۆمۆ نەوت دەفرۆشێت؛ بۆیە داوامان کرد زیادەی نەوت بۆ پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە."
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، محەممەد حەلبووسی پێشنیازەکەی خوێندەوە کە تێیدا داواکرا 12٪ـی پاشەکەوتی مووچە بگەڕێندرێتەوە و دەنگیشی لەسەر درا و گوتی، "راستە سەرۆکی پەرلەمان گوتی دەنگی نەهێناوە، بەڵام من لەسەر ستەیج بووم و بینیم ئەو پێشنیازە دەنگی پێویستی هێنا؛ بۆیە تاوەکو دوایین هەنگاو لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەین، چونکە دڵنیام دەنگی پێویستی هێناوە."
 
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەگەر پێشنیازی گەڕانەوەی 12٪ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنگی پێویستی بەدەستهێنا بێت، ئەوە وەکو سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق واژۆ لەسەر بڕیارەکە دەکەن و دەبێت ببێتە بەشێک لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و بچێتە حکومەت. 
 
لە ساڵی 2014 حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، دوای ئەوە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شەڕی داعش بووەوە کە خەرجییە سەربازییەکانی زۆر هەڵکشاند؛ بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەنای بۆ پاشکەوتکردنی مووچە و لێبڕینی مووچە برد کە بەپێی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بڕەکەی لەنێوان 15 بۆ 18 تریلیۆن دینار دەبێت.