رێواز فایەق: عێراق لە خراپترین دۆخدا دامەزراوەکانی بەپێی دەستوور ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پەسندکردنی بودجەی عێراق و ئەو گرژییانەی لە نێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق روویدا، رایگەیاند: "بەشی زۆری ئەو شەڕەی بردتانە بەغدا و کەس تێیدا سەرکەوتوو نەبوو، دەبوو لە پەرلەمانەکەی خۆمان بکرایە و کوڕ و کچەکانی خۆتان یەکلاییان بکردایەتەوە و بەڵێنەکانی هەڵبژاردنیان جێبەجێ بکردایە، لێرە گۆشتی یەکتریشمان بخواردایە ئێسقانی یەکتریمان نە دەشکاند."
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 12-06-2023 پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسندکرا. لەوبارەوە رێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند: "بودجەی گشتیی عێراق پەسندکرا. پیرۆزبێت لەو وڵاتەی لە خراپترین دۆخدا دامەزراوەکانی بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن. ئیرادەی سیاسی چەندە نا جۆر و ناسازیش بێت ئاراستەی کاری دامەزراوەیی ناگۆڕێت. سەرباری تێبینی و کەموکورتیش هێشتا خەڵک بە ئومێدەوە لە دامەزراوەکانی دەڕوانێت."
رێواز فایەق دەشڵێت: "لە هەرێمەکەی ئێمە دوو خولی پێنج ساڵی پەرلەمان کۆتاییپێهات و پەرلەمان و پەرلەمانتاران بە پاساوی نالۆژیکی لە جێبەجێکردنی گرنگترین ئەرکیان مەحرومکران."
لە کاتی خوێندنەوە و دەنگدان بە پەسندکردنی بودجەی عێراق لەسەر ئەو مادانەی کە تایبەت بوو بە هەرێمی کوردستان ناکۆکی لە نێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان دروستبوو.
لەبارەی ناکۆکی فراکسیۆنە کورردستانییەکان، رێواز فایەق دەڵێت: "بەشی زۆری ئەو شەڕەی بردتانە بەغدا و کەس تێیدا سەرکەوتوو نەبوو، دەبوو لە پەرلەمانەکەی خۆمان بکرایە و کوڕ و کچەکانی خۆتان یەکلاییان بکردایەتەوە. بەڵێنەکانی هەڵبژاردنیان جێبەجێ بکردایە، لێرە گۆشتی یەکتریشمان بخواردایە ئێسقانی یەکتریمان نەدەشکاند. هیچ مەکەن تەنیا سەیری پرۆسەی دەنگدان لەسەر گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە بکەن، تێدەگەن چیمان بە قەوارەکەمان، هاووڵاتییانمان، بە خۆمان و بە دامەزراوەکانمان کردووە."
لە دانیشتنی بەیانیی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق، پێشنیازی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، بەڵام نەتواندرا دەنگی پێویست بهێنێت و بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو.
هەر لەوبارەوە ئەمڕۆ سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "بابەتی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەر ئەوەندەی خوێندرایەوە و باسی ئەوە کرا کە لە پارەی زیادەی نەوتی خۆمان پاشەکەوت بدرێتەوە، نەیانهێشت دەقەکە بخوێنرێتەوە. سەرۆک فراکسیۆنەکانی شیعە لەو بابەتە زۆر تووندبوون و بەشێوەیەکی ناشیرین رەتیان کردەوە؛ دواتر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان دەقەکەی خوێندەوە، بەڵام دەنگی نەهێنا و تەنیا کوردەکان دەنگیان پێ دا. شیعە و سوننەکان هەموویان رەتیانکردەوە."
لەساڵی 2014 حکومەتی عێراق بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، دوای ئەوە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شەڕی داعش بووەوە کە خەرجییە سەربازییەکانی زۆر هەڵکشاند؛ بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەنای بۆ پاشکەوتکردنی مووچە و لێبڕینی مووچە برد کە بەپێی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بڕەکەی لەنێوان 15 بۆ 18 تریلیۆن دینار دەبێت.