لە رووداوێکی تەقەکردندا لە دهۆک کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکە بریندار بوو
رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی نزارکێی دهۆک بەیانیی ئەمڕۆ رووداوێکی تەقەکردن روویدا، لە ئەنجامدا گەنجێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکە بریندار بوو.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ناسر عەلی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک، کاژێر 05:30 خولەکی بەیانیی رۆژی دووشەممە (12-6-2023) لە گەڕەکی نزارکێ لە سەنتەری شاری دهۆک تەقە لە ئۆتۆمبێلێک کراوە و بەهۆیەوە کەسێك کوژراوە و کەسێکی دیکە بریندار بووە.
دکتۆر مستەفا موفتى، یاریدەدەری بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو کەس گەیێندرانە نەخۆشخانە، کە یەکێکیان گوللـە بە سەری کەوتبوو و گیانی لەدەستدا؛ ئەوی دیکە گوللـە بە قاچی کەوتووە و دوای وەرگرتنی چارەسەر، دۆخی تەندروستیی جێگیرە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، ئەو دوو کەسە لەلایەن ئامۆزای خۆیان تەقەیان لێکراوە و کەسى تەقەکەر هەڵهاتووە.
پۆلیسی دهۆک دەستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە بۆ دەستگیرکردنى تۆمەتبارەکە.
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی پۆلیسی دهۆک، ئەو کەسەى گیانى لەدەستداوە، ناوى شاکر حامید حوسێنە و تەمەنى 40 ساڵە.