چێشتخانەیەک لە هەولێر دەکرێتەوە و بە خۆڕایی نان بە هاونیشتمانیان دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی کۆمپانیایەک دەکات بۆ کردنەوەی چێشتخانەیەک کە رۆژانە بە خۆڕایی نان بە زیاتر لە هەزار کەس دەدات. سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، "زیاتر خواردن بەو کەسانە دەدرێت کە رێبوار یاخود دەستگێڕن."
 
رۆژی یەکشەممە، 12-06-2022 موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە رووداوی راگەیاند، "رۆژی دووشەممە 13-06-2022 کاژێر 11:30 لەناو سەنتەری باخی شار لە هەولێر، گرووپی کۆمپانیاکانی گەلیاوە بە هاوکاریی پارێزگاری هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، چێشتخانەیەک دەکاتەوە کە رۆژانە ژەمە خواردنی نیوەڕوان بە خۆڕایی بە هاونیشتمانییان دەدات."
 
لەبارەی ئەو کەسانەی کە نان لە چێشتخانەکە وەردەگرن گوتی، "ژەمێکی تەواو ئامادە دەکەین و لە سەرەتاوە بڕیارمانداوە زیاتر ئەو کەسانەی کە رێبوارن یاخود دەستگێڕن لەوێ نان بخۆن."
 
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتیشی، چێشتخانەکە بۆ ماوەی 24 کاژێر بە خۆڕایی نابێت بەڵکو، "تەنیا یەک ژەمە خواردن بە خۆڕایی دابین دەکات."
 
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی رۆژانە لەوێ نان دەخۆن موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، "وا دانراوە کە رۆژانە زیاتر لە هەزار کەس لەوێ نان بخۆن، بەڵام ئەگەر پێویستی کرد، ئێمە پشتیوانیی کۆمپانیاکە دەبین بۆئەوەی ژمارەکە زیاتریش بکرێت."