'مامە ڤاندام' دەستگیر کرا

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمشەو شێرزاد عەبدولوەهاب ناسراو بە 'مامە ڤاندام' دەستگیر کرا. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: " بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوندی دەستگیر کراوە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت: "شێرزاد عەبدولوەهاب، ناسراو بە 'مامە ڤاندام' کاتی خۆی سکاڵای لەسەر کەسێک تۆمار کردبوو، ئەویش سکاڵای لە دژی تۆمار کردەوە و دەستگیر کرا."
 
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەو کەسەی کاتی خۆی مامە ڤاندام سکاڵای لەسەر تۆمار کردبوو، ئەویش کارەکتەری سۆشیال میدیایە و ناوی کاروان "کارەی بەرخەسپی"یە. لەسەر سکاڵاکەی مامە ڤاندام، دادوەر دەستبەسەری کرد. دواتر ئەو ئازاد کرا.
 
سەرکەوت ئەحمەد دەشڵێت: "ئێستا کارەی بەرخەسپیش ڤیدیۆیەکی بردووە کە شێرزاد سووکایەتیی بە کاروان دەکات. ئەمڕۆ مامە ڤاندام چووەتە بنکەی پۆلیسی هەواری شار و لەوێ وتەیان وەرگرتووە، دادوەر لەبەر دۆخی سەلامەتیی ئێستا مامە ڤاندام بەندکراوە."
 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتبار بەپێی مادەی دوو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیر کراوە.