چیرۆکی ژیانی پەرستارێک لە گەرمیان کە دوای سێ ساڵ خۆبەخشی چاوەڕوانی دامەزراندنە
رووداو دیجیتاڵ
ئیدریس ملکۆ، زیاتر لە شەش ساڵ لە سێ نەخۆشخانەی گەرمیان خۆبەخشانە دەوامی دەکرد. ئەو دەرچووی بەشی پەرستارییە و لە دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی، بە هیوای دامەزراندن دەستی بە خۆبەخشی کردووە، بەڵام هەر لە چاوەڕوانیدا ماوەتەوە و دانەمەزراوە.
دوای ئەو چاوەڕوانییە، ئێستا ئیدریس وازی لە نەخۆشخانە حکومییەکان هێناوە و لەگەڵ هاوپیشە و هاوڕێکانی بایکۆتیان کردووە، خۆی لە دەرمانخانەیەک مانگی بە 350 هەزار دینار کار دەکات و بژێویی خێزانێکی چوار کەسی لەسەرە.
ئەو کارمەندە پێی گوتم، "ئێمە خۆبەخشیمان کرد بە نیەتی ئەوەی دابمەزرێین، لە هەموو شوێنەکانی دیکە دامەزراندن هەیە، لە گەرمیان نەبێت، ئێمەش وەکو خۆبەخشەکان بایکۆتی نەخۆشخانە و کەرتی حکومەتمان کردووە و تاوەکو دانەمەزرێین، دەوام ناکەینەوە."
بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان داوای لە وەزارەتی تەندروستی کردووە بۆ ئەوەی 400 کارمەندی بۆ دابمەزرێنن کە خۆبەخشانە کاریان کردووە، بەڵام وەڵامیان نەبووە.
رزگار لەتیف، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژارە و دەڵێت، دوای بایکۆتی ئەو خۆبەخشانە گوشارێکی زۆریان لەسەر دروست بووە، چونکە ناوچەکەی ئەوان فراوانە و نەخۆشی لە زۆر شوێنەوە بۆ دەڕوات.
بەپێی ئاماری سەندیکای تەندروستیی کوردستان، ژمارەی پەرستاران لە هەرێمی کوردستان 28 هەزار و 800 کەسن.
ژمارەی ئەو کارمەندانەی کە لە ناوەندەکانی تەندروستی لە گەرمیان بە خۆبەخشانە کاریان کردووە، نزیکەی 800 کارمەندی خۆبەخش بوون.