فازڵ میرانی: بۆ کۆبوونەوە پەیوەندی بە هەموو حیزبەکان و یەکێتیش دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەوان وەکو پارتی ئامادەن بۆ کۆبوونەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندی بە حیزبەکان، بە یەکێتیشەوە، دەکەن.
 
رۆژی هەینی 12-05-2023 فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دووەم رۆژی چالاکییەکانی یادگەی نیشتمانیی بارزانی بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ پەیڕەوی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی، بۆ کۆبوونەوە پەیوەندی بە هەموو حیزبەکان و یەکێتیش دەکەن.
 
دوێنێ پێنجشەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ی ئەم مانگە بکرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن، هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن."
 
فازڵ میرانی گوتی، ''ئێمە مەکتەبی سیاسیی یەکەمین رێکخراوی سیاسین، کە پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەین.''
 
دوای گوتارەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ هەینی 12-05-2023  مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتگیری لە پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات و دەڵێت، "هەموو ئامادەیی خۆمان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆک رادەگەیێنین." هەروەها ئامادەییشیان دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان، "بەبێ جیاوازی."
 
هەر ئەمڕۆ، دەرباز کۆسرەت رەسوول، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بە رووداوی گوت، ''تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پەیوەندییەک بۆ کۆبوونەوە [بە ئێمەوە] نەکراوە و وادەیەک بۆ دانیشتن دیاری نەکراوە.''