زانیاری لەبارەی ئەو تەنە نامۆیانەی لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بینران
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان دەڵێت، ئەو تەنە رووناکانەی ئەم ئێوارەیە لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بینران "مووشەک یان پاشماوەی مووشەک بوون".
ئەم ئێوارەیە لە ئاسمانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان، عێراق و ئێران هەندێک تەنی رووناک بینران.
ئەژی چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بینرا "مووشەک یان پاشماوەی مووشەک" بوو.
ئەژی چەتۆ ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێک مووشەک لە بەرگەهەوادا بەرز دەبێتەوە، هەوا کەم دەبێتەوە و ئەو کاتە مووشەک بەو جۆرە دەردەکەوێت کە ئەم ئێوارەیە بینرا؛ هەروەها کاتێك مووشەک لە بەرگە هەوادا دەردەچێت، ئیدی بەوشێوەیە دەردەکەوێت کە لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت".
لە هەمان کاتدا میدیای ئێران دەڵێت، ئەو تەنە نامۆیە مووشەکی کیشوەربڕی رووسی بووە.
بینینی تەنە نامۆکە هاوکات بوو لەگەڵ تاقیکردنەوەی مووشەکێکی کیشوەربڕی رووسیا.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، بە سەرکەوتوویی مووشەکێکی بالیستیی کیشوەربڕی تاقیکردوەتەوە.
لە راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا ئاماژە بەوە کراوە، مووشەکەکە لە بنکەی کاپوستین یار لە باشووری وڵاتەکە هەڵدراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی "تاقیکردنەوەی سیستمی مووشەکی و پشتڕاستبوونەوە لە سەقامگیریی ئەو مووشەکانەی کە خراونەتە خزمەتی سوپاوە".
وەزارەتەکە باس لەوە دەکات، تاقیکردنەوەکە "بە تەواوی" ئەنجامە خوازراوەکەی بەدەستهێنا؛ دەشڵێت، تاقیکردنەوەکە پشتڕاستی کردەوە کە مووشەکانی رووسیا "بۆ مسۆگەرکردنی ئاساییشی ستراتیجیی [رووسیا]، شیاوی پشتپێبەستنن".
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ناو و جۆری مووشەکەکەی ئاشکرانەکردووە.
رووسیا ناوبەناو مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕ و ئەوانی دیکە بە مەبەستی بەسەردەمیانەکردنی چەکەکەی تاقی دەکاتەوە.