لە رۆژێکدا زیاتر لە 11 هەزار گەشتیار سەردانی گردی خرابڕەشکێی رووهایان کردووە

رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی یەک رۆژدا زیاتر لە 11 هەزار گەشتیار، سەردانی گردی خرابڕەشکێ ـیان لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان کردووە.
 
بەڕێوبەرایەتی گشتیی میراتی رۆشنبیری و مۆزەخانەکان، کە سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیایە لە هەژماری فەرمیی خۆی رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 11ـی نیسانی 2024، لە دووەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا 11 هەزار و 454 کەس سەردانی گردی خرابڕەشکێ ـیان کردووە، ئەمەش ریکۆردێکی نوێیە لە رۆژێکدا تۆمارکرابێت.
 
شوێنەواری گردی خرابڕەشکێ لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، بە دووری 18 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری رووها لە نزیک گوندی ئۆرەنجیک هەڵکەوتووە، مێژووەکەی بۆ 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. 
 
لە ئەنجامی هەڵکەندنەکاندا یەکەمین پەرستگەی مرۆڤایەتی لە گردی خرابڕەشکێ دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ 11 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بە کۆنترین پەرستگەی مرۆڤایەتی دادەنرێت.  لەو ناوچەیەدا 16 پەرستگەی دیکە هەن و لانیکەم پێویستیان بە 50 ساڵ کنە و پشکنین هەیە.
 
شوێنەواری گردی خرابڕەشکێ بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1963 لە چوارچێوەی کاری هاوبەشی زانکۆی ئیستەنبووڵ و زانکۆی شیکاگۆ دەستنیشان کرا، بەڵام بەهای راستەقینەی ئەم شوێنەوارە مێژووییە ساڵی 1994 دوای دەستکردن بە کارەکانی هەڵکۆڵین و کنە و پشکنین دەرکەوت. لە ساڵی 1995 ـەوە کارەکانی هەڵکۆڵین و پشکنینەکان بە هاوبەشی مۆزەخانەی رووها و پەیمانگەی ئارکۆلۆژیی ئەڵمانیی بەرلین بەڕێوەدەبرێت و لە ساڵی 2018 خرایە لیستی کەلەپووری رێکخراوی یونیسکۆ. 
 
بەشێک لەو پارچە شوێنەوارانەی لە گردەکە دۆزراونەتەوە لە مۆزەخانەی رووها نمایش کراون.