بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە: ساڵی داهاتوو ناونووسین بۆ حەج دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەو کەسانەی ساڵی 2020 ناویان بۆ حەج تۆمارکردووە، سەرەتای مانگی حەوتی ئەمساڵ گەشتەکەیان بۆ سعودیە دەستپێدەکات و هەر کەسێکیش تەمەنی لە سەرووی 65 ساڵ بێت ناتوانێت حەج بکات".
ئەمڕۆ سێشەممە، 12-4-2022، شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "2,300 کەس لە ساڵی 2020 ناویان بۆ حەج تۆمار کردبوو، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا نەتوانرا حەج بکەن، ئەو کەسانە ئەمساڵ سەرەتایی مانگی حەوت بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون، بە مەبەستی بە جێگەیاندنی فەریزەی حەج."
ئەمساڵ سعودیە کۆمەڵێک رێنمایی نوێی دەرکردووە، هەر کەسێک بەشدار بێت لە پرۆسەی بە جێگەیاندنی حەج، دەبێت تەمەنی 65 ساڵ کەمتر بێت، لەو بارەوە نیاز نەقشبەندی گوتی: "ئەوانەی لە 2020 ناویان نووسیوە و تەمەنیان لە 65 ساڵ زیاترە ناتوانن ئەمساڵ حەج بکەن، راستەوخۆ ناوی دوای ئەوان هەڵدەبژێدرێت، ناوی ئەو کەسانەش نافەوتێت دەمێنێتەوە بۆ ساڵی ئایندە، ئەگەر رێنمایی نوێ دەرکرا ئەوە راستەوخۆ دەتوانن فەریزەی حەج جێبەجێ بکەن."
سەبارەت بە ناو تۆمارکردن بۆ ساڵی داهاتوو، شێخ نیاز گوتی، "ئەگەر ئەمساڵ ئەوانەی لە 2020 ناویان نوسیوە هەموویان یان بەشێکیانیش تەواو بوون، ئەوە لە هەموو حاڵەتەکان پێشبینی دەکەم ساڵی ئایندە دەست بە ناو نووسین بکەین." گوتیشی: "ساڵی ئایندە ناو تۆمارکردن بە بەرنامەی نوێ دەبێت کە جیاواز دەبێت لە ساڵانی رابردوو، چونکە ئێستا گۆڕانکاری دروستبووە و سیستەمی ئۆنڵاین هەیە، بۆیە گۆڕانکاری لە سیستەمی ناو تۆمارکردن دەکرێت".
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستانیش، شێخ نیاز گوتی: "بەگوێرەی کات دەگۆڕێت ساڵ هەبووە چوار هەزار بووە و چوار هەزار و 500یش هەبووە، ساڵیش هەبووە حەوت هەزار بووە، چونکە سعودیە چەند پشکی عێراق زیاد بکات ئەوە پشکی هەرێمی کوردستانیش زیاد دەبێت".
رۆژی دووشەممە بەسەرپەرشتی د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە ئامادەبوونی زیندین مەولود، بریکاری وەزارەت راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی پەیوەندیدار، کۆبوونەوەیەک لەبارەی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو.
ماوەی دووساڵە بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رێگە بە حاجیانی کوردستان نەدراوە حەج بکەن، ئەمساڵ بەگوێرەی مەرج و رێنمایی، حکومەتی سعودیە بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ پێشوازی لە ملیۆنێک کەس بکات لە ناوخۆ و دەرەوە، لە کاتێکدا ساڵی 2019 پێشوازی لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس کرد، هەروەها ئەو کەسانەی سەردانی وڵاتەکە دەکەن بۆ ئەمساڵ دەبێت تەمەنیان لە 65 ساڵ کەمتر بێت.