کۆمەڵە و پاک: جاڕنامەی هاوپشتی بۆ ئازادیی ئێران هیچی بۆ کورد تێدا نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان جاڕنامەی "هاوپشتی و رێکخستن بۆ ئازادیی ئێران" رەتدەکەنەوە و دەڵێن، تێیدا دان بە مافەکانی کورد نەنراوە.
 
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمیۆنیستی ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەو جاڕنامەیە هیچ پەیوەندییەکی بە "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی"ەوە نییە و "خواستەکانی خەڵکی ئێران و نەتەوە ستەملێکراوەکانی نێو ئەو وڵاتە لەخۆ ناگرێت."
 
کۆمەڵە داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی سوپای پاسداران لەو جاڕنامەیەدا بە فێڵبازانە لە قەڵەم دەدات و دەڵێت، "ئامانجیان ئەوەیە ئەرتەش یان سوپای ئێران بپارێزن، کە یەکێکە لە بنەماکانی سەرکوت لەو وڵاتە." رەخنە لەوەش دەگرێت کە لە جاڕنامەکەدا ئەرکی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران خراوەتە ئەستۆی ئەرتەش و دەڵێت، سوپا دەبێت پارێزگاری لە سنوورەکان بکات لە بەرامبەر هێرشی دەرەکیدا.
 
هەروەها پارتی ئازادیی کوردستان - پاک دەڵێت، ئەو جاڕنامەیە بە سەرکردایەتیی رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران ئامادە کراوە و ئامانج لێی پاراستنی دەوڵەتی نەتەوەی فارسە لە سیستمی سیاسیی ئێران و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی ئێرانە لە "کۆماری ئیسلامی"یەوە بۆ "سیستمی پاشایەتی."
 
پاک ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو جاڕنامەیەدا دان بە مافی نەتەوەکاندا نەنراوە، بۆیە رەتیدەکەنەوە. داواش لە حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، خێرا ئامادەکاری بکەن بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لەسەر بنەمای مافی سەروەری و چارەنووسی سیاسیی کورد.
 
پێشتر حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش رەتیکردووەتەوە لەو هاوپەیمانییەدا بەشدار بێت.
 
لە جاڕنامەکەدا کە رۆژی هەینی 10-03-2023 بڵاوکرایەوە، کورد و نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێران بە "قەوم" ناویان هاتووە و ئاماژە بەوە کراوە، فرەیی کۆمەڵگەی ئێران قبووڵ دەکەن و هەوڵی نەهێشتنی جیاکاری دەدەن و بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دان بە پێگەی زمانی دایکدا دەنێن.
 
جاڕنامەکە لەلایەن شەش چالاکڤان، لەنێویاندا عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران بڵاوکراوەتەوە.