کەشناسی: سبەی بارانبارین دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی شەو لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک بارانبارین دەستپێدەکاتەوە. شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، کۆتایی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ دەستپێدەکات و مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە. بەرگریی شارستانی هەولێریش دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەک کراوە.
رۆژی دووشەممە 12-02-2024 بەشی کەشناسیی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور بۆ تەنکە هەوری تەواو بێت، سبەی سێشەممەش ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە شەودا دابارین لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 14ی ئەم مانگەوە بارانبارین دەستپێدەکات و کاریگەرییەکەی رۆژانی 15، 16 و 17ی مانگ بەهێزتر دەبێت و مەترسیی دروستبوونی لافاویش دەکرێت، بەتایبەتی رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، پلەی گەرماش 4 بۆ 5 پلە دادەبەزێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.
بە گوتەی ئەو شارەزایەی کەشناسی، "بارانبارینی کۆتایی ئەم هەفتە زۆر بەهێز دەبێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە گەرمیان، کەرکووک و هەولێر هەیە."
کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستاینی هەولێر رایگەیاند، "هیچ لایەنێکی فەرمی لە مەترسی لافاو ئاگاداری نەکردوینەتەوە، بەڵام ئاگادارین کە کۆتایی ئەم هەفتەیە مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە و بۆ ئەوەش هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و ژمارەی تیمەکانمان زیاد کردووە؛ دەوامی 24 کاژێریمان هەیە بۆ ئەوەی لە ئەگەری دروستبوونی هەر پێشهاتێک بەدەم هاونیشتمانییانەوە بین."
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی سێشەممە:
هەولێر: 21 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 21 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 21 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی
سۆران: 20 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 11 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 24 پلەی سیلیزی