رووداو بەدواداچوونی بۆ سووتەمەنیی موەلیدەکانی هەولێر کرد؛ 'مەترسیدارن'
رووداو دیجیتاڵ
ماوەی شەش ساڵە حەیدەر ناچارە رۆژانە حەوت کاژێر هەوای دووکەڵی رەش و بۆن گازی موەلیدەیەک هەڵبمژێت. ئەو، لە گەراجێکی ئۆتۆمبێل لە هەولێر کاردەکات و موەلیدەکە لە تەنیشت گەراجەکەیە و ئێجگار بێزاری کردووە.
حەیدەر حەسەن بە رووداوی گوت "زۆر ئۆتۆمبێل هەن، کە [شۆفێرەکە] لێرە رایدەگرێت، دەڵێ 'حەزناکەم بیبەیە پشتەوە، لەبەر ئەو موەلیدەیە، چونکە هەر جارێک ئۆتۆمبێلەکەم دەشۆم و لێرە رایدەگرم، دووکەڵی موەلیدەکە لەسەر ئۆتۆمبێلەکە دەنیشێت."
ئەو موەلیدەیەی حەیدەری بێزار کردووە، تاکە موەلیدەی هاوشێوە نییە، بەڵکو ئەمە دۆخی بەشێکی بەرچاوی موەلیدەکانە، بەهۆی بەکارهێنانی گازی کوالێتیی نزم لەپێناو تێچوویەکی کەمتر، دووکەڵ و ژەهرێکی زیاتر رەوانەی ئاسمان و سیی هاونیشتیمانییان دەکەن.
تیمی رووداو سەردانی زیاتر لە 10 موەلیدەیان کرد، ئەوانەی دووکەڵی رەشیان لێ دەردەچوو، کارمەندەکانیان هەریەکەیان بە بیانوویەک ئامادەنەبوون قسە بکەن.
سدیق مستەفا، سەرپەرشتیاری موەلیدەیەکە کە جگە لە بۆنی گاز، هیچ دووکەڵێکی رەشی نەبوو. ئەو دەڵێ، هۆکاری "ئەوە دەگەڕێتەوە سەر گاز، هەیە باش دەهێنێت و هەیە خراپ؛ ئێستا موەلیدەی من دووکەڵی نییە، بەڵام گازەکەم بۆنی دێت، تانکیێکی 45 هەزار لیتریی گازم لە ژوورەوەیە، فەرموو بۆنی دێت."
تیمەکەی رووداو بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر سەبارەت بەو بابەتە چوونە بۆرسەی سووتەمەنیی هەولێر، سامپڵی نێو دەبەکانی دەستی ئەوانەی لەنێو بۆرسەکەدا مامەڵە دەکەن، هەمووی گازی موەلیدەن، بەڵام بە چەندین رەنگی جیاواز.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، جۆرێک گاز هەر لەنێو بۆرسەکە دروستدەکرێت، لەڕێگەی تێکەڵکردنی رۆن، نەفتا و پاشماوەی پاڵاوگەکان.
فاخیر عەبدوڵڵا، بازرگانی گازوایل دەڵێ، "بابەتی موەلیدە زۆربەیان گازی کارگە و پاڵاوگەیە، هەندێکیش تێکەڵە دەسووتێنێت. خراپترین جۆری گازی موەلیدە، رۆنە، ئەو بابەتانەی خراپترینن کەمە، بەڵام هەیە دەیبات. پاشماوەی ئەو جۆرە گازانە کۆدەکەنەوە و دەیکەنە ئەو جۆرە سووتەمەنییە."
جیاوازیی کڕینی 220 لیتر گازی موەلیدە لە کوالێتییەکی زۆر نزم تاوەکو کوالێتیی باش، نزیکەی 50 هەزار دینارە.
تیمەکەی رووداو دوو نموونەی گازەکەیان بردە زانکۆی سەلاحەدین، کۆلێژی زانست بەشی کیمیا، بۆ ئەوەی لە تاقیگەیەکی ئەوێ پشکنینیان بۆ بکرێت.
د. سەنگەر سەرەتا تێستی بڕی سەلفەری کرد لە نموونەکاندا، بەپێی ستانداردی جیهانی بڕەکەی لە هەر گازێکی موەلیدەدا نابێت لە 5000ppm
تێپەڕێت و لە ستاندەردی عێراقی 8000ppm بۆ دانراوە، بەڵام ئەنجامی دوو نموونەکە یاخود سامپڵەکە بۆ تیمەکەی رووداو بەو شێوەیە دەرچوو؛ گازە رەنگ تاریکەکە 29 هەزاری خوێندەوە و، گازە رەنگ روونەکەش کە گوایە کوالێتیی بەرزە، 14 هەزاری خوێندەوە."
د. سەنگەر ساڵح، سەرۆکی بەشی کیمیا لە کۆلێژی زانستی زانکۆی سەلاحەدین لەمبارەیەوە دەڵێ، "هاتین 100 ملیلیترمان لەو سامپڵە رەنگ تاریکە وەرگرت و دەرکەوت هەموو بەرهەمەکانی نەوتی تێدایە."
هەروەها دەڵێ، "سامپڵی دووەم رەنگ کاڵەکە بوو، هێنامان و گوتمان 'سامپڵێکی باشە و لە بازاڕ رەنگە نرخی کەمێک گرانتربێت لەو جۆرەی دیکە' ئەوەیان بە نزیکەیی بەڕێژەی 90٪ گازوایل بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کەمێک کیرۆسینی تێکەڵکرابوو بە نزیکەی 10٪، هەروەها رۆنی رەشیشی تێدابوو."
ئەو گازانەی لە دووکەڵی رەشی موەلیدەیەک هەن و دەخرێنە ژینگەوە بریتین لە: Co2 ،ch4 ،o2 ،so2 ،co ،NO2 کە ئەو گازانەش دەتوانن ببنە هۆکار بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و سی و تەنانەت شێرپەنجەش لە مرۆڤدا.
بەرنامەی شەوی 11-2-2024ـی لەگەڵ رەنج لەبارەی پیسبوونی ژینگە بوو؛ هۆشداری دەدرێت