لە کرماشان دەست بەسەر 356 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای کرماشان، تیمەکانی پۆلیسی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، دەستیان بەسەر 356 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری تریاکدا گرت و شەش قاچاخچیش دەستگیرکران.
 
مەهدی حاجیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان ئەمرۆ دووشەممە رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی زانیاری، بەداواداچوون و چاودێریکردن، لە ئۆپەراسیۆنێکدا دوو تۆڕی گەورەی بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر کە چەکداریش بوون، لە سنووری پارێزگای کرماشان لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە هەڵوەشێنرانەوە و دەست بەسەر 356 کیلوگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری تریاکدا گیرا.
 
مەهدی حاجیان گوتی، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا شەش کەس لە ئەندامەکانی ئەو دوو تۆڕە گەورەیە کە قاچاخچی و فڕۆشیاری مادە هۆشبەرەکانن، دەستگیرکران، هەروەها دەست بەسەر سێ چەک و دوو ئۆتۆمبێلیشدا گیرا.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا لە سنووری پارێزگای کرماشان دەست بەسەر سێ تۆن و 165 کیلوگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و 36 کەسیش بە تۆمەتی بەقاچاخبردن و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون. هەر لەو ماوەیەدا پێنج هەزار و 976 کەسی ئاڵوودەبووی مادەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای کرماشان دەست بەسەر کراون و نێردراون بۆ ناوەندەکانی تایبەت بە وازهێنان لە مادەی هۆشبەر.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان هەروەها رایگەیاند، هاوکاری و هاوئاهەنگی لە نێوان دام و دەزگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگا لە ئاستێکی باش و گونجاودا نییە، هەروەها ناوەندەکانی وازهێنان لە مادە هۆشبەرەکان توانای لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زۆری کەسانی ئاڵوودەبوویان نییە، بۆیە ئەگەر ئەو کەموکورتیانە چارەسەر بکرێن، پۆلیس لە توانایدایە، هەموو ئاڵوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر بکات.