بەفر رێگەی 132 شارۆچکە و گوندی لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان گرت

رووداو دیجیتاڵ 
 
رێگەی 132 شارۆچکە و گوند لە پارێزگای جۆلەمێرگ-ی باکووری کوردستان گیراوە. تیمەکانی شارەوانی لە هەوڵی کردنەوەیاندان. 
 
سێ رۆژە شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین بەشی باشووری رۆژهەڵاتی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە. تەنیا لە پارێزگای جۆلەمێرگ رێگەی 132 شارۆچکە و گوند گیراوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبانی تورکیا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بەفربارینەکەی رۆژی 10ـی مانگ، رێگەی 89 شارۆچکە و گوند لە جۆلەمێرگ گیرا، ئەمڕۆ گەیشتە 132 ناوچە. 
 
ئێستا سەرمایەکی زۆر لە بەشی زۆری پارێزگاکانی شرنەخ، ئاگری، قەرس، ئەردەخان، ئەرزەڕۆم، چەولیگ، دێرسم و ئەرزینگانی باکووری کوردستان هەیە.
 
شەپۆلی سەرما و سۆڵە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە کاریگەرە و پلەی گەرمای بەشێک لە باکووری کوردستان، بەتایبەتی ئەو پارێزگایانەی ئاماژەیان پێکرا، هەندێکجار بۆ چەندین پلەی ژێر سفر دابەزیوە. پارێزگای ئەردەخان بە 29 پلەی ژێر سفر ساردترین پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیایە.