لە رووها دوای نان، نرخی گۆشتیش زیادکرا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، ئەمڕۆ هەینی نرخی گۆشت زیادکرا، کیلۆیەک گۆشتی سوور گەیشتە 375 لیرە کە بە نرخی ئەمڕۆ دەکاتە 12 دۆلار و 46 سەنت.
لە تورکیا و باکووری کوردستان قەیرانی ئابووری قووڵتر دەبێتەوە و رۆژ بە رۆژ نرخی کاڵا و خۆراک زیاد دەبێت.
ژووری بازرگانان و پیشەوەرانی رووها، لەسەر داوای گۆشتفرۆشان و بەهۆی زۆری تێچووەوە، نرخی گۆشتی قیمە، گۆشتی بەرخ و گۆشتی مانگای بەرزکردەوە.
بەپێی ئەو نرخە نوێیانە، کیلۆیەک گۆشتی قیمەی بەرخ بە 320 لیرە، کە دەکاتە 10 دۆلار و 64 سەنت و کیلۆیەک گۆشتی نەرمەی بەرخ بە 340 لیرە، کە دەکاتە 11 دۆلار و 30 سەنت، کیلۆیەک گۆشتی نەرمەی گا بۆ چێشتلێنان بە 375 لیرە دەکاتە 12 دۆلار و 46 سەنت و کیلۆیەک گۆشتی گا بە 320 لیرە دەفرۆشرێت، کە دەکاتە 10 دۆلار و 64 سەنت.
لە شاری رووها رۆژی چوارشەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2024، نرخی نان یەک لیرە بەرزکرایەوە.
بەپێی بڕیاری ژووری نانەواکانی رووها، نرخی 170 گرام نان و 200 گرام سەموون و 150 گرام نانی کراوە بە حەوت لیرە دەفرۆشرێت کە بە نرخی ئەمڕۆ دەکاتە 23 سەنت. پێشتر نان و سەموون بە شەش لیرە دەفرۆشرا، کە دەکاتە 20 سەنت.